لیندزی گراهام: ئەمریکا کۆنتڕۆڵی دوورگەی خارگ بکات جەنگەکە دەباتەوە
سیناتۆری دیاری کۆمارییەکانی ئەمریکا، رایگەیاند، دوورگەی "خارگ"ی ئێران چەق و خاڵی یەکلاکەرەوەی ئەو شەڕەیە کە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە هەڵگیرساوە.
شەممە 14ـی ئاداری 2026، لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکانی ئەمریکا، لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی "X" نووسیویەتی: "ئەگەر ئێران کۆنتڕۆڵی ژێرخانی نەوتیی خۆی یان توانای کارپێکردنی لە دوورگەی خارگ لەدەست بدات، ئەوا ئابوورییەکەی بە تەواوی دادەرووخێت، هەر لایەنێک دەسەڵاتی بەسەر ئەم دوورگەیەدا هەبێت، کۆنتڕۆڵی چارەنووسی ئەم شەڕە دەکات".
ئەم سیناتۆرە پشتگیری خۆی بۆ بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەربڕی بۆ هێرشکردنە سەر ئەو دوورگەیە و گوتی: "بڕیارەکەی سەرۆک ترەمپ بۆ گواستنەوەی جەنگ بۆ دوورگەی خارگ، کە تاجی پادشایەتی ئابووریی نەوت و گازی ئێرانە، هەنگاوێکی زۆر بوێرانە و کاریگەر بوو، ئەمەش دەبێتە هۆی کورتکردنەوەی تەمەنی جەنگەکە".
هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، سوپای ئەمریکا یەکێک لە بەهێزترین هێرشە ئاسمانییەکانی ئەنجامداوە و زیاتر لە 90 ئامانجی سەربازییان لە دوورگەی خارگ بە تەواوی وێران کردووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا بڕیاری نەداوە ژێرخانی نەوتیی دوورگەکە بکاتە ئامانج، بەڵام هۆشدارییەکی توندی دایە تاران و گوتی: "ئەگەر ئێران هەوڵی تێکدانی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بدات، ئەوا دەستبەجێ بڕیارەکەم دەگۆڕم و ژێرخانی نەوتییەکەشیان خاپوور دەکەم".
دوورگەی خارگ یەکێکە لە گرنگترین ناوچە ستراتیژییەکانی ئێران، چونکە نزیکەی 90%ـی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە لە رێگەی ئەو دوورگەیەوە ئەنجام دەدرێت و بە شا دەمارە ئابوورییەکەی تاران دادەنرێت.