ئێران رێگە بە کەشتییەکانی هیندستان دەدات بە گەرووی هورمزدا تێپەڕبن

باڵیۆزی ئێران لە هیندستان، رایگەیاند، وڵاتەکەی رێگەی بە هەندێک کەشتیی هیندستانی داوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن، ئەمەش وەک حاڵەتێکی جیاوازی دەگمەن لە توندیی ئەو رێکارانەی تاران بۆ داخستنی دەروازە جیهانییەکانی وزە گرتوویەتیە بەر.

شەممە 14ـی ئاداری 2026، محەمەد فەتح عەلی، باڵیۆزی ئێران لە هیندستان، لە میانی کۆنفرانسێکی داخراودا کە گۆڤاری "ئیندیان تودەی" (India Today) رێکیخستبوو، ئاماژەی بەوە کرد، رێگە بە تێپەڕبوونی ژمارەیەک کەشتی هیندی دراوە تاوەکو بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ ببن، بەڵام ژمارەی ئەو کەشتییانەی دەستنیشان نەکرد کە مۆڵەتی تێپەڕبوونیان پێدراوە.

ئەم بڕیارەی تاران دوای ئەوە دێت، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران هاتووچۆی کەشتیوانیی لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار کردووە.

گەرووی هورمز یەکێکە لە ستراتیژیترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان، چونکە نزیکەی 20%ـی کۆی نەوت و گازی سروشتیی شلکراوەی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.