سویسرا داوایەکی ئەمریکای بۆ بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی لە جەنگی دژی ئێران رەتکردەوە

حکوومەتی سویسرا رایگەیاند، داواکارییەکی ئەمریکایان بۆ بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی لەلایەن فڕۆکە سەربازییەکانەوە کە پەیوەندییان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە لە دژی ئێران هەبووە، رەتکردووەتەوە، لە بەرامبەردا رەزامەندی لەسەر سێ داواکاری دیکە دەربڕیوە.

حکوومەتی سویسرا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی "یاسای بێلایەنی"، تێپەڕبوونی ئەو فڕۆکانە قەدەخەیە کە سەر بە لایەنەکانی ناو ململانێکانن و ئامانجی سەربازییان هەیە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئەوەی رێگەی پێدراوە تەنیا گەشتە مرۆیی و پزیشکییەکانە، لەوانەش گواستنەوەی برینداران، هەروەها ئەو گەشتانەی کە پەیوەندییان بە ململانێکانەوە نییە".

لە 28ـی شوباتەوە ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لە دژی ئێران دەستپێکردووە، لە بەرامبەریشدا ئێران هێرش دەکاتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و چەند پێگەیەک لەناو خاکی ئیسرائیل.