راپۆرتێکی ئیسرائیلی: میسر هەوڵی نێوەندگیری نێوان تاران و واشنتن دەدات

دەستەی پەخشی ئیسرائیلی (کەناڵ11) ئاشکرای کردووە، میسر بە چڕی کار بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی دیپلۆماسی لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، بە ئامانجی پاراستنی بازاڕی وزە و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی سووتەمەنی.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە مەسعود پزیشکیانی هاوتا ئێرانییەکەی راگەیاندووە، پێویستە تاران دەستبەجێ هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو رابگرێت و دەرفەتێک بە دیپلۆماسی بدات بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ واشنتن. قاهیرە نیگەرانە لەوەی بەردەوامی گرژییەکان کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر ئابووری ناوچەکە و جیهان هەبێت.

لەم چوارچێوەیەدا، دیپلۆماتکارێکی عەرەب بە کەناڵە ئیسرائیلییەکەی راگەیاندووە، میسر وەک لایەنێکی متمانەپێکراو دەبینرێت، چونکە بە پێچەوانەی وڵاتانی وەک سعوودیە، عومان و تەنانەت تورکیا، نەکەوتووەتە بەر هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران و پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەیە.

لە بەرانبەردا، کەناڵی (I24News) بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستپێشخەریی نێوەندگیری وڵاتانی عەرەبی رەتکردووەتەوە و رژدە لەسەر بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران. بەرپرسێکی کۆشکی سپیش ئاماژەی بەوە کردووە، ترەمپ لەم قۆناخەدا هیچ ئارەزوویەکی بۆ دانوستان و ئاگربەست نییە و دەیەوێت لە رێگەی سەربازییەوە تواناکانی تاران لاواز بکات.

لای خۆشیانەوە، سەرچاوە ئێرانییەکان جەخت دەکەنەوە کە تاران هیچ جۆرە ئاگربەستێک قبوڵ ناکات تاوەکو هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە تەواوی رانەگیرێن. هەروەها ئێران مەرجی ئەوەی داناوە کە لە هەر رێککەوتنێکی داهاتوودا دەبێت قەرەبووی ئەو زیانانەی بۆ بکرێتەوە کە بەر وڵاتەکەی کەوتوون.

هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییانە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، چەندین وڵات کەشتیی جەنگی بۆ گەرووی هورمز رەوانە دەکەن، بە مەبەستی زامنکردنی ئازادی هاتوچۆی دەریایی. سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریشی داوە کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە بە ئامانجگرتنی کەشتی و بەلەمە ئێرانییەکان ئەگەر هەوڵی پەکخستنی جووڵەی بازرگانی جیهانی بدەن.