ئوسترالیا و ژاپۆن داواکەی ترەمپ بۆ ناردنی هێز رەت دەکەنەوە

سەرەڕای فشارە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە مەبەستی کردنەوەی گەرووی هورمز، هەر دوو وڵاتی ئوسترالیا و ژاپۆن بە فەرمی رایانگەیاند، هیچ کەشتییەکی جەنگی بۆ ناوچەکە نانێرن.

کاتەرین کینگ، وەزیری گواستنەوەی ئوسترالیا، رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە وڵاتەکەی هیچ کەشتییەکی جەنگی بۆ گەرووی هورمز نانێرێت. کینگ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فەرمی (ABC) گوتی: ئێمە دەزانین پاراستنی ئەو رێڕەوە چەند گرنگە، بەڵام ناردنی کەشتی شتێک نییە کە داوامان لێکرابێت یان بەشداری تێدا بکەین.

هاوکات، ژاپۆنیش کە یەکێکە لە گەورەترین هاوردەکارانی نەوتی کەنداو، ساردی نواند بەرانبەر داواکەی ترەمپ. شینجیرۆ کۆیزومی، وەزیری بەرگری ژاپۆن لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا گوتی: لەبەر رۆشنایی بارودۆخی ئێستای ئێران، لەم ساتەدا بیر لە ئەنجامدانی هیچ ئۆپەراسیۆنێکی ئاسایشی دەریایی ناکەینەوە.

ئەم رەتکردنەوانە لە کاتێکدایە کە ترەمپ لەناو فڕۆکەی "ئێر فۆرس وەن" بە پەیامنێرانی گوت: داوا لە ناتۆ و وڵاتانی دیکە دەکات ئەرکی پۆلیسیکردنی گەرووەکە بگرنە ئەستۆ. ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەگەر ناتۆ هاوکار نەبێت، ئەوا داهاتووی هاوپەیمانییەکە دەکەوێتە مەترسییەوە.