ئیمارات: بەهۆی هێرشە مووشەکییەکان کەسێک گیانی لەدەستدا
وەزارەتی بەرگری ئیمارات رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی ژمارەیەک مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان تێکشکاندووە کە لە ئێرانەوە ئاراستەی ناوچەکە کراون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی ئاداری 2026، نووسینگەی راگەیاندنی ئەبوزەبی ئاشکرای کرد، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێک یان پارچەی مووشەکێک بەسەر ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە ناوچەی "باهیە"ـی باکووری ئەبوزەبی، هاووڵاتییەکی فەڵەستینی گیانی لەدەستداوە.
دەسەڵاتدارانی ئیمارات رایانگەیاندووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و دۆخەکەش لەژێر چاودێریی وردی دەزگا ئەمنییەکاندا بەردەوامە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی بەرگری ئیمارات لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' رایگەیاند، "ئێستا سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی ئیمارات بەرپەرچی هێرشە مووشەکیی و درۆنییەکانی ئێران دەدەنەوە."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو دەنگانەی کە بیستراون، بەهۆی رێگریکردن لە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە.