تورکیا ئامادەیی خۆی بۆ نێوەندگیری لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیا رادەگەیەنێت

سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاند؛ وڵاتەکەی لەسەر بەرزترین ئاست ئامادەیە بۆ نێوەندگیری و میوانداریکردنی خولێکی نوێی دانوستانەکان لەنێوان هەردوو وڵاتی رووسیا و ئۆکرانیا، بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

سەرۆکایەتی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "سپۆتنیک" ئاماژەی بەوە کردووە، ئەنقەرە پێشنیاری نێوەندگیرییەکەی خستووەتە روو، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کە بڕیاری کۆتایی بۆ ئەنجامدانی ئەم خولە نوێیەی گفتوگۆکان تەنها لە دەستی لایەنە ناکۆکەکان خۆیاندایە.

ئەم دەسپێشخەرییە لە کاتێکدایە، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە بەشداری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سێ خولی دانوستان لەنێوان شاندەکانی رووسیا و ئۆکرانیا بەڕێوەچووە. دواین خولی ئەو گفتوگۆیانە لە رۆژانی 17 و 18ـی شوبات لە شاری جنێف ئەنجامدرا، بەڵام وەک لایەنەکان ئاماژەیان پێداوە، تاوەکو ئێستا نەتوانراوە هیچ رێککەوتننامە یان بەڵگەنامەیەکی فەرمی لەنێوانیاندا واژۆ بکرێت.