سبەی دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی بەرێوەدەچێت

دانا تەقیەددین ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور جەنگی بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی پێنجشەممە دووەم دانیشتنی دادگایی کردنی لاهور جەنگی و ئەو تۆمەتبارانە بەڕێوە دەجیت کە لە دانیشتنی پێشوودا ئامادەی بەردەم دادوەر بوون. 

چوارشەممە 13ـی ئایاری 2026، دانا تەقیەدین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە کوردستان24ی راگەیاند، سبەی دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی بەڕێوەدەچێت و پێشبینیش دەکرێت تەواوی تۆمەتباران بهێندرێنەوە بەردەم دادوەر، گوتیشی: لە شوێنی هەفتەی رابردوو دادگاییکردنەکەی دەستپێدەکاتەوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایش کە لەگەڵ تۆمەتباران کراوەن، لە دانیشتنەکەدا دەخوێندرێنەوە.

دانا تەقیەدین ئاماژەی بەوەشکرد، کەسوکاری لاهور شێخ جەنگی و تۆمەتبارانی دیکە و تیمی پارێزەران لە دانیشتنەکەی دادگا ئامادە دەبن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە دانیشتیی هەفتەی رابردووی لاهور شێخ جەنگی هەریەک لە رۆژنامەنووسان، رەحمان غەریب، هێمن مەحموود، عەزیز رەئوف ئامادەی دانیشتنەکە بوون، هاوکات پێنجشەممەی رابردوو یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و تۆمەتبارانی دیکە لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، دانیشتنەکەش بۆ 14ی ئەم مانگە واتە سبەی پێنجشەممە دواخرا.

پێشتر دانا تەقیەدین ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، دوو تۆمەت خراونەتە پاڵ لاهور شێخ جەنگی، یەکێکیان بە گوێرەی ماددەی 56 کە تێیدا لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و 10 کەسی دیکە بە هەوڵی کوشتن و کودەتا تۆمەتبار کراون، جگە لە دۆسیەیەکی دیکە کە ماددەی 406."

دانا تەقیەدین جەختی کردەوە، "مۆرکی یاسایی لە کەیسەکەدا زۆر لاوازە، بەڵام مۆرکێکی سیاسی بەهێزی هەیە، چونکە دەبوو پۆلیس بچێتە سەریان بۆ دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و تۆمەتبارانی دیکە، بەڵام هێزی حزبی و کۆماندۆ و ئاسایش بەکارهێنراون.

هەروەها رەحمان غەریب رێکخەری سەنتەری میترۆ، لە دانیشتنی هەفتەی رابردووی دادگاییکردنەکە ئامادەبوو و نووسیویەتی: لاهور شێخ جەنگی كاتێ تەماشای ئەو وێنانەی دەكرد كە دادوەر لەگەڵیدا رونكردنەوەی دەدا، پێڵووی چاوەكانی لە یەكتر نزیكدەكردەوە، بەورردی تەماشای وێنە و ڤیدیۆكانی دەكرد، بە ئاماژە بێ ئاگابوونی خۆی لەو دیمەنانە دەردەبڕی، چەند جارێكیش تەماشای رێبواری هاورێی دەكرد، هەردووكیان زەدەخەنەیان دەگۆڕییەوە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەیدا نوسیویەتی، لاهوور شێخ جەنگی بە رووخسارێكی گەشەوە خۆی كرد بە هۆڵی تاوانەكانی دادگای سلێمانی، دەستی راستی سڵاوی بۆ ئامادەبووان بەرز كردەوە، هەستی بەشێك لە ئامادەبووان تێكەڵەیەك بوو لە دڵخۆشی و نائومێدی، هەمووان بە پێوە وەستان بۆ پێشوازی لە سڵاوە گەرمەكەی لاهوری شێخ جەنگی.

باسی لەوەشکردووە، رێبوار لەلای دەستی راستی، پۆڵاد لە پشتییەوە، 10 تۆمەتباری تریش لەگەڵی وەستابوون، كە بچوكترینیان لەدایكبووی ساڵی 2000 بوو، ئەو گەنجە لەوە نەدەچوو تەندروستی چاوەكانی باش بن، زۆری دەتروكاند.   

 هەروەها دەڵێت، لەگەڵ عزیز رەئوف و هێمن مەحمود چوینە هۆڵەكە، دەتوانین بڵێین دانیشتنی دادگا تەنها خوێندنەوەی گوتەی هەردوو سكاڵاكار، ( بافل تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی)بوو، دژ بە لاهوری شێخ جەنگی و هاورێكانی، كە تۆمەتەكان هەوڵی كوشتنیان بووە ، بە قەناس و خستنە خوارەوەی هەلیكۆپتەر.

رەحمان غەریب ئاماژەی بەوەشکردبوو، ڤیدیۆ و وێنەکان بە داتاشۆ بە دیواری لای چەپی هۆڵەكە پیشانی ئامادەبوان درا، رەنگە شتێكی نوێی تێدا نەبێ، دیمەنی ئەو زەلامەیشی تێدابوو كە بە دوو كوباری قەد كراوە خۆی دەكات بە بەرزکەرەوەی باڵەخانەیەكی نیشتجێبوون، دەوترێت بەشێكی هەوڵی كۆدەتاكەیە. 

لە درێژەی قسەکانیدا رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، دادوەر لەگەڵ ئەوەی لیستی تۆمەتەكانی پێشكەش دەكرد، مامەڵەیەكی ئاسایی لەگەڵ تۆمەتباران، پارێزەران، ئامادەبووانی ناوهۆڵەكەدا كرد، هەرچەندە رێوشوێنی ئەمنی زیادەڕۆیی پێوە دیاربوو، بەڵام مامەڵەی ئەو هێزانە، هەروەك پۆلیس و فەرمابەرانی ناو دادگا شارستانی بوون هیچ رواڵەتێكی توندوتیژی پێوە دیار نەبوو.

باس لەوەش دەکات، هۆڵەكە تا دەهات گەرم دەبوو، ئاوات خانی خوشكی، لاپەڕە سپییەكەی دەستی بۆ نارد، رووخساری پێ باوەشین كرد، بەڵام ئەو دەكوڵا و خۆی بۆ نەگیرا، رووی كردە دادوەر و گوتی: جەنابی دادوەر پێش ئەم رووداوانە من كێشەم لەگەڵ سكاڵاكاران هەبووە، پێنج كەسی نزیكم كوژراون، شكات كراوە، بەڵام دۆسییەكانیان نەچوونەتە پێشەوە، داوادەكەم دۆسییەكەم بنێرنە دادگای تەمییز.  

رۆژی دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، موحسین خۆشناو، پاسه‌وانی لاهور شێخ جه‌نگی و 11 ده‌ستگیركراوی دیكه‌ی لاله‌زار ئازاد کران.

ئەمە لە کاتێکدابوو، رۆژی پێنجشەممە (09ـی نیسانی 2026)، 14 کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد کران، کە یاسین بەرزنجی، بەرپرسی پاراستنی ماڵی لاهور شێخ جەنگی یەکێکیان بوو. 

پێشتریش، ژمارەیەک دەستگیرکراوی دیکە ئازاد کرابوون؛ حەوت کەس لە 3ـی مانگی شوباتی ئەم ساڵ، هەروەها لە 16-01-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە.

 رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.

 شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا. 

لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.