ترەمپ گەیشتە چین
ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە چین.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد، لەگەڵ خۆی هەر یەکە لە جێنسن هوانگ، ئیلۆن مەسک، تیم کوک، لاری فینک، ستیڤن شوارزمان، جین فرەیزەر، دەیڤد سۆلۆمۆن، کریستیانۆ ئامۆن بۆ چین بردووە.
لە 10 ساڵی ڕابردوو ترەمپ تاکە سەرۆکی کە سەردانی چین بکات، کە بڕیارە لەگەڵ شی جیبینگ باس لە پرسی بازرگانی نێوانیان، ئێران و تایوان بکەن، مەبەستی سەردانەکەشی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوانیانە.
سێشەممە 12ی ئایاری 2026، سەرۆکی ئەمریکا، بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ چین لە وەڵامی پرسیارێکی بەرپرسی نووسینگەی "کوردستان24" لە واشنتن، گوتی: "سەردانەکەم بۆ چین ئەرێنی دەبێت و کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان دەبێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کردبوو پێشوەختە پەیوەندیی لەگەڵ سەرکردایەتیی چین هەبووە و گوتی: "قسەم لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کردووە؛ دەتوانم بڵێم هەردووکمان بە پەرۆشین بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە."
هەروەها سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ بەیژینگ بە ڕۆژنامەنووسەکانی دیکەی ڕاگەیاندبوو: "پەیوەندییەکی یەکجار گەورەمان لەگەڵ چین هەیە، ئێمە دوو زلهێزی جیهانین. من گفتوگۆیەکی درێژ لەگەڵ شی جینپینگ دەکەم، بەڵام پێموانییە بۆ پرسی ئێران پێویستم بە یارمەتی ئەو بێت."
یەکشەممە 10ی ئایاری 2026، ئانا کێلی، جێگری یەکەمی سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو دەگاتە شاری بەیژینگ بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لووتکە لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین.
کێڵی ئاماژەشی دابوو، بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە مەراسیمی فەرمیی پێشوازی و کۆبوونەوەی دووقۆڵیی هەردوو سەرۆک بەڕێوەدەچێت. دواتر پێکەوە سەردانی "پەرستگای ئاسمان" دەکەن و ئێوارەکەشی لە بانگێشتێکی فەرمیدا کۆدەبنەوە.
هەروەها ڕۆژی هەینی، ترەمپ و شی جینپینگ کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام دەدەن، پێش ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا بگەڕێتەوە وڵاتەکەی.