بەرنامەی خۆراکی جیهانی: بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، زیاتر لە 319 ملیۆن کەس رووبەڕووی برسێتی دەبنەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی ئاداری 2026، بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) رایگەیاند، ئەگەر جەنگی ئێران و ئیسرائیل-ئەمریکا، تاوەکو مانگی حوزەیرانی داهاتوو بەردەوام بێت، ئەوا دەیان ملیۆن کەس رووبەڕووی برسێتییەکی سەخت دەبنەوە.

کارل سکاو، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامی خۆراکی جیهانی رایگەیاندووە، "بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و نەوت و تێچووی گواستنەوە، رەنگە نزیکەی 45 ملیۆن کەسی دیکە بچنە بازنەی برسێتییەکی سەختەوە."

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم دۆخە کۆی گشتیی ژمارەی زیانپێکەوتووان لەسەر ئاستی جیهان بۆ زیاتر لە 319 ملیۆن کەس بەرز دەکاتەوە، کە ئەوەش ئاستێکی مەترسیدار و بێپێشینەیە."

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 28ـی شوباتی رابردوو، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان کردە سەر ئێران، کە لە ئەنجامدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و چەند فەرماندەیەکی سوپای پاسداران کوژران.