فلیک: بارسێلۆنا دوایین وێستگەی کاری راهێنەرایەتیم دەبێت
هانسی فلیک راهێنەری ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاری یانەکەی بەرامبەر نیوکاسل یونایتد، لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی 16ـی چامپیۆنزلیگ، باسی لە وردەکارییەکانی یارییەکە و کرد و لە هەمان کاتدا رایگەیاند، بارسێلۆنا دوایین وێستگەی ئەو دەبێت.
راهێنەرە ئەڵمانیەکەی بلاوگرانا سەرەتا لەبارەی یارییەکە گووتی '' چاوەڕێ یارییەکی زۆر جیاواز دەکەم، تیپی بەرامبەر دەتوانێت فشارێکی بەرز دروست دەکات و بە باشی بەرگری بکات، بۆیە پێشبینی یارییەکی زۆر قورس دەکەین و یاریزانەکانیشم لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە. نیوکاسل لە رووی توانای جەستەیی زۆر باشە و هەروەها لە هێرشی هەڵگەڕاوەش زۆر خێرایە. بۆیە پێویستە یارییەکی بێ کەم و کوڕی بکەین ''.
هانسی فلیک کاتێک یەکێک لە رۆژنامەنوسەکان پرسیاری لەبارەی داهاتووی کرد لە وەڵامدا گووتی '' بارسێلۆنا دوایین یانە دەبێت کە لە کاروانی وەرزشی راهێنەرایەتی بۆ بکەم. من زۆر بە خۆشەویستی لێرە راهێنەرایەتی دەکەم، لێرە زۆرترین پشتگیریم هەیە، من لێرەم بۆ ئەوەی هاوکاری یانەکە بکەم و یانەکەم بگەینمە لوتکە و هیچ کاتێکیش بیرم لە جێهێشتنی یانەکەم نەکردووەتەوە ''.
بارسێلۆنا شەوی چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026 لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی 16ـی چامپیۆنزلیگ لە یاریگای خۆی واتە سپۆتیفای کامپ نۆ، میوانداری یانەی نیوکاسل یونایتدی ئینگلیزی دەکات. هەردوو یانە لە یاری چوون بە ئەنجامی 1-1 یەکسانبوون.