چارەنوسی ئێران دوای کشانەوە لە مۆندیال چێ دەبێت؟

کامە هەڵبژاردەی چانسی بەشداری کردنی دەبێت

هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران
هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران

هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا یەکێک لە میواندارەکانی مۆندیالی 2026، هەڕەشەی ئەوە دەکات رەنگە بەشداری ئەو پاڵەوانێتیە واتە مۆندیالی 2026 نەکەن.

بەشداری نەکردنی هەڵبژاردەی ئێران تاوەکو ئەم ساتە 18ـی ئاداری 2026 نەبووەتەوە فەرمی و بەرپرسانی ئەم وڵاتە، هیچ داواکارییەکی فەرمیان پێشکەش بە فیفا نەکردووە، بەڵام لە ئەگەری پاشەکشە کردنیان لەو پاڵەوانێتیە، رەنگە رووبەڕووی سزای وەرزشی و دارایی قورس ببنەوە.

ئەو سزایانەی چاوەڕێ هەڵبژاردەی ئێران دەکەن، لە ئەگەری پاشەکشەیان لە مۆندیالی 2026:

سزا داراییەکان

- هەر هەڵبژاردەیەک پاشەکشێ لە مۆندیال بکات، رووبەڕووی سزایەکی قورسی دارایی دەبێتەوە. سزا داراییەکان بە گوێرەی کاتی پاشەکشێ گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

- ئەگەر 30 ڕۆژ یان کەمتر پێش دەستپێکردنی مۆندیال هەر هەڵبژاردەیەک پاشەکشی بکات، سزای دارایی زیاتر دەدرێت (زۆرجار سزاکە دەگاتە 250 هەزار فرانکی سویسری یان زیاتر).

- ئەگەر لە کاتی بەڕێوەچوونی مۆندیال پاشەکشێ بکات، جگە لە سزای دارایی هەموو شایستە داراییەکانی پاڵەوانێتیەکەی لێدەسێندرێتەوە.

سزای وەرزشی 

- دۆڕان بە ئەنجامی ( 3-0 ): ئەگەر هەڵبژاردەکە پێش یارییەک بکشێتەوە، یان لە ناو یارییەکەدا یاریگا جێبهێڵێت، یارییەکەی بە ئەنجامی (3-0) لە بەرژەوەندی تیپی بەرامبەر هەژمار دەکرێت.

- فیفا مافی ئەوەی هەیە ئەو هەڵبژاردەیە لە بەشداریکردن لە مۆندیالەکانی داهاتووش بێبەش بکات.

قەرەبووکردنەوەی زیانەکان

- ئەو هەڵبژاردەیەی پاشەکشێ دەکات بەرپرس دەبێت لە قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو زیانە داراییانەی بەر فیفا، وڵاتی ڕێکخەر و کەناڵەکانی گواستنەوە دەکەوێت. ئەمە دەکرێت بڕە پارەیەکی خەیاڵی بێت کە یەکێتیی تۆپی پێی ئەو وڵاتە بەرگەی نەگرێت.

شوێنگرەوەی هەڵبژاردەکە چۆن دیاری دەکرێت؟

ئەگەر هەڵبژاردەیەک پێش دەستپێکردنی مۆندیال پاشەکشێ بکات، لیژنەی ڕێکخەری پاڵەوانێتیەکە لە فیفا بڕیار دەدات کام هەڵبژاردە شوێنی بگرێتەوە. زۆرجار ئەو هەڵبژاردەیەی لە یارییەکانی پاڵاوتن بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیەی پاشەکشەی کردووە، یاخود ئەو هەڵبژاردەی بەرزترین ڕیزبەندی لە فیفا هەیە و سەرنەکەوتووە بانگهێشتی مۆندیال دەکات.