گۆڕانکاریی ریشەیی لە بازاڕی کاردا؛ حکوومەتی هەرێم 230 هەزار هەلی کاری رەخساندووە
بە پێی نوێترین ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەرچاوی لە کەرتی کاردا بەدەستهێناوە، بە جۆرێک زیاتر لە 230 هەزار هەلی کار رەخسێنراون و ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو بۆ زیاتر لە 300 هەزار کەس بەرز بووەتەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ پاراستنی مافی چینی کرێکاران و بە خۆماڵیکردنی دەستی کار وەسف دەکرێت.
لە نوێترین راپۆرتی پڕۆژەی "خزمەتی هەواڵ"ـی سەر بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریدا هاتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانە ستراتیژییەکانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی ئابووری و رێکخستنەوەی بازاڕی کار، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا پێشکەوتنی بەرچاوی لە رەخساندنی هەلی کار و پاراستنی مافی یاسایی کرێکاراندا بە دەست هێناوە، بە شێوەیەک کە نزیکەی 230 هەزار هەلی کاری نوێ رەخسێنراون و مافی دەستەبەری کۆمەڵایەتیش بۆ 303 هەزار کرێکار دابین کراوە.
بەرزبوونەوەی پێوانەیی لە ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو
داتاکانی راپۆرتەکە پیشانی دەدەن کە گەشەیەکی خێرا لە پرۆسەی دەستەبەرکردنی کرێکاراندا رووی داوە، لە ساڵی 2019ـدا تەنیا 78 هەزار کرێکار لە چوارچێوەی سیستەمی دەستەبەریدا تۆمار کرابوون، بەڵام ئەم ژمارەیە ئێستا بۆ 303 هەزار کرێکار بەرز بووەتەوە. لەو ژمارەیەش، زیاتر لە 258 هەزاریان کرێکاری ناوخۆیین و تەنیا 45 هەزاریان کرێکاری بیانین. لەسەر ئاستی پڕۆژەکانیش، تا ئێستا 61 هەزار و 423 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان خراونەتە ژێر چەتری دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە.
رێکخستنی مووچە و شایستە داراییەکان
لە هەنگاوێکی گرنگدا بۆ پاراستنی بژێویی ژیانی کرێکاران، حکوومەتی هەرێم بڕی 450 هەزار دیناری وەک کەمترین مووچەی مانگانە بۆ "کرێکاری ناکارامە" جێگیر کردووە.
لە رووی شایستە داراییەکانی کۆتاییی خزمەتیشەوە، تەنیا لە نێوان ساڵی 2024 تا کۆتایی ساڵی 2025، بڕی 70 ملیار دینار وەک پاداشتی کۆتاییی خزمەت بەسەر 17 هەزار و 625 کرێکاردا دابەش کراوە.
ستراتیژییەتی بەخۆماڵیکردنی دەستی کار
بە پێی بڕیاری ژمارە (172)ـی ساڵی 2022، ئەنجوومەنی وەزیران سەرجەم پڕۆژەکانی پابەند کردووە بەوەی کە دەبێت لانی کەم 75%ـی هێزی کاریان لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پێک بێت و، تەنیا 25% بۆ کرێکارانی بیانی تەرخان بکرێت. ئەم بڕیارە کاریگەریی راستەوخۆی هەبووە لەسەر رەخساندنی هەلی کار بەم شێوەیەی خوارەوە:
-لە کەرتی وەبەرهێناندا، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا زیاتر لە 140 هەزار هەلی کار رەخسێنراوە.
-لە کەرتەکانی پیشەسازی، بیناسازی و گەشتیاریدا، نزیکەی 40 هەزار هەلی کاری نوێ دابین کراون.
-لە کەرتی گشتیدا، بە هەردوو شێوازی دامەزراندنی هەمیشەیی و گرێبەست، 48 هەزار هەلی کار رەخسێنراوە.
-بۆ ئاسانکاریی دۆزینەوەی کار لە لایەن هاووڵاتییانەوە، پۆرتاڵی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە کار (https://kar.molsa.gov.krd) کارا کراوە.
خانەنشینی و سیستەمی بیمەی کۆمەڵایەتی
بە پێی کارپێکردنی یاسای کار، کرێکارانی کەرتی تایبەت هاوشێوەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی مافی خانەنشینبوونیان پێ دراوە.
میکانیزمی سیستەمەکە بە جۆرێکە کە مانگانە خاوەنکار بڕی 17%ـی مووچەی کرێکارەکە دەخاتە سەر سندووقی بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی (12% لە ئەستۆی خاوەنکارە و 5% لە مووچەی کرێکارەکە دەبڕدرێت).
ئەم سندووقە تەنیا بۆ مەبەستی خانەنشینی نییە، بەڵکوو وەک بیمەیەکە بۆ پاراستنی کرێکاران لە کاتی پەککەوتن، نەخۆشی و رووداوەکانی شوێنی کار.
چاودێریی یاسایی و هێڵی گەرم بۆ سکاڵاکان
بۆ زامنکردنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە و پاراستنی مافی کرێکاران، حکوومەت هێڵی گەرمی (5500)ـی تەرخان کردووە بۆ وەرگرتنی سکاڵاکان، بە مەرجی پاراستنی نهێنی و تایبەتمەندیی کرێکاران.
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 300 سکاڵا لە رێگەی ئەم هێڵەوە تۆمار کراون و بەدواداچوونیان بۆ کراوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.
هاوکات، لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکاری توندی یاساییان گرتووەتەبەر بەرامبەر بەو خاوەنکارانەی سەرپێچیی یاساکانیان کردووە، بە جۆرێک 207 پڕۆژە بەهۆی پابەندنەبوون بە مافەکانی کرێکارانەوە رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.