رۆیتەرز: ئەمریکا هانی سووریا دەدات بۆ چەککردنی حزبوڵڵا هێز رەوانەی رۆژهەڵاتی لوبنان بکات
ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای دەکات کە ئەمریکا فشاری خستووەتە سەر سووریا تاوەکوو بۆ چەککردنی حزبوڵڵا هێز بنێرێتە لوبنان، بەڵام دیمەشق لە ترسی کاردانەوەکانی ئەو هەنگاوە، تا ئێستا خۆی لە جێبەجێکردنی داواکە بە دوور گرتووە.
سێشەممە 17ـی ئاداری 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری پێنج سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هانی سووریای داوە بیر لە ناردنی هێزی سەربازی بۆ رۆژهەڵاتی لوبنان بکاتەوە بۆ هاوکاریکردن لە چەککردنی حزبوڵڵا، بەڵام دیمەشق لە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە دوودڵە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، هۆکاری دوودڵییەکەی دیمەشق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەترسێت پەلکێشی نێو جەنگێکی فراوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت و ببێتە هۆی هەڵگیرسانی گرژییە مەزهەبی و تائیفییەکان.
ئەو پێشنیازەی کە پێشکەش بە حکوومەتی سووریای هاوپەیمانی ئەمریکا کراوە، رەنگدانەوەی پەرەسەندنی هەوڵەکانە بۆ چەککردنی حزبوڵڵای لوبنانی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت. ئەمەش پاش ئەوە دێت کە حزبوڵڵا لە 2ـی ئاداردا وەک پاڵپشتییەک بۆ تاران هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەمەش وای لە ئیسرائیل کرد هێرشێکی پێچەوانە بۆ سەر لوبنان دەستپێبکات.
لەلایەکی دیکەوە، دوو سەرچاوە کە هەردووکیان بەرپرسی حکوومەتی سووریان، لەگەڵ دوو سەرچاوەی دیکەی ئاگادار لە گفتوگۆکان، ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم بیرۆکەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی رابردوودا لە نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و سووریا تاوتوێ کراوە.