لیندزی گراهام: ترەمپ لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکان زۆر تووڕەیە

لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری ئەمریکی ئاشکرای دەکات، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییەوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی خاپوور کردووە بەر لەوەی ببنە خاوەنی 10 بۆمبی ئەتۆمی. هاوکات رەخنەی توند لە وڵاتانی ئەوروپا دەگرێت بەهۆی هاوکارینەکردنیان لە پاراستنی گەرووی هورمز و بێباکیان بەرانبەر بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە، و دەڵێت "قەت ترەمپ لە ژیانیدا هێندە تووڕە نەبووە".

سێشەممە 17ـی ئاداری 2026، لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاندووە، لە کاتی دانوستانەکانی نێوان ئێران لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، تاران ئۆفەری ئەمەریکای بۆ دابینکردنی بەرنامەیەکی وزەی ئەتۆمیی ئاشتیانەی بێبەرامبەر رەت کردووەتەوە.

گراهام ئاماژە بەوە دەکات کە لەو دانوستانانەدا، ئێرانییەکان بە شانازییەوە بە ویتکۆف و کوشنەریان راگەیاندووە کە 460 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراویان بە رێژەی 60% هەیە، لە کاتێکدا هیچ مەبەستێکی مەدەنی و بازرگانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەو رێژەیە بوونی نییە. هەروەها روونیکردووەتەوە کە کاتی پێویست بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی پیتاندنەکە بۆ 90% تەنیا چەند هەفتەیەکی دەوێت و ئەو بڕەش بەسە بۆ دروستکردنی 10 بۆمبی ئەتۆمی.

ئەو سیناتۆرە ئەمەریکییە دەڵێت: "لەبری ئەوەی ترەمپ بشڵەژێت و بپاڕێتەوە یان پارەیان بەسەردا بڕێژێت وەک ئەوەی ئۆباما و بایدن کردیان، رێگەیەکی جیاوازی هەڵبژارد. کاتێک لە ئەگەری نزیکبوونەوەی خێرای ئێران لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ئاگادارکرایەوە، فەرمانی ئەنجامدانی (ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا - Operation Epic Fury)ی دەرکرد و بەرنامە پیتاندنەکەی ئێرانی خاپوور کرد، ئەو لە ساتەوەختی گونجاودا و پێش ئەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی دروست بکات، هەنگاوی نا".

لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا، لیندزی گراهام باس لە هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا دەکات و دەنووسێت: "قسەم لەگەڵ ترەمپ کرد سەبارەت بە رەتکردنەوەی هاوپەیمانە ئەوروپییەکانمان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان بەمەبەستی بە کراوەیی هێشتنەوەی گەرووی هورمز، کە زۆر زیاتر لە ئەمەریکا سوود بە ئەوروپا دەگەیەنێت. لە ژیانمدا نەمبیستووە ترەمپ هێندە تووڕە بێت، منیش هاوبەشی ئەو تووڕەییەم لەبەرانبەر ئەو دۆخەی لە ئارادایە".

گراهام هێرش دەکاتە سەر ئەوروپییەکان و دەڵێت: "لووتبەرزی هاوپەیمانەکانمان کە پێیانوایە ئێرانی خاوەن چەکی ئەتۆمی جێگەی نیگەرانییەکی ئەوتۆ نییە و رێگریکردنی سەربازی بۆ بەدەستنەهێنانی بۆمبی ئەتۆمی کێشەی ئێمەیە نەک ئەوان، زۆر بێڕێزانە و نەشیاوە.

هۆشداریش دەدات کە لێکەوتەکانی هاوکارینەکردن بۆ بەکارخستن و پاراستنی گەرووی هورمز، بۆ ئەمریکا و ئەوروپاش زۆر قووڵ و فراوان دەبن. دەشڵێت: "هەرچەندە خۆم بە پاڵپشتیکارێکی سەرسەختی هاوپەیمانییەکان دەزانم، بەڵام لە کاتێکی پڕ لە تاقیکردنەوەی لەم شێوەیەدا، وا دەکات دووبارە گومان لە بەهای ئەم هاوپەیمانییانە بکەم، و دڵنیاشم کە تەنیا سیناتۆر نیم کە هەست بەمە دەکەم".