سوودانی بۆ ڤۆندێر لاین: پابەندین بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، هۆشداریی دا لە خراپتربوونی بارودۆخی ناوچەکە بەهۆی بەردەوامیی جەنگ، هاوکات داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد کە هاووڵاتییە زیندانیکراوەکانیان لە ریزەکانی رێکخراوی داعش وەربگرنەوە.
سێشەممە، 17ـی ئاداری 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئورسولا ڤۆندێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپاوە پێ گەیشت.
بە پێی راگەیەندراوێکی فەرمی، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی لەم پەیوەندییەدا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە بارودۆخی ناوچەکە بەرەو خراپتر دەچێت بەهۆی جەنگەوە، هۆشداریشی دا کە بەردەوامیی ئەم دۆخە شەپۆلێکی بەرفراوانی ئاوارەبوون، ناسەقامگیری و هەڵکشانی توندوتیژیی لێ دەکەوێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، سوودانی ئاماژەی بە دەستپێشخەرییەکەی عێراق کرد بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی دیپلۆماسی بە مەبەستی کۆتاییهێنانی دەستبەجێ بە جەنگەکە. ئەو دەستپێشخەرییەی کە پێشتر لە میانی کۆنگرەی دواییدا بە بانگهێشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا خستبوویە روو.
سەرۆک وەزیرانی عێراق روونیکردەوە، کە سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە بەهۆی لێکەوتەکانی ئەم جەنگەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە سەروو هەمووشیانەوە عێراق کە ئێستا رووبەڕووی هێرش و پێشێلکاریی بەردەوامی بواری ئاسمانییەکەی دەبێتەوە. بە توندی رەتکردنەوەی حکوومەتی بۆ هەر جۆرە بەئامانجگرتنێکی کێڵگە نەوتییەکان و بارەگای نێردە دیپلۆماسییەکان راگەیاند.
هاوکات دووپاتیشی کردەوە، کە عێراق بە تەواوی پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی و سەلامەتیی گیانی سەرجەم نێردە دیپلۆماسییەکان لە وڵاتەکەدا.
سوودانی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ستایشی هەڵوێستی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپای کرد کە رەتیان کردووەتەوە تێوەگلێن لەو جەنگەدا، هاوکات داوای لەو وڵاتانە کرد کە هەنگاوی خێرا بنێن بۆ وەرگرتنەوەی ئەو هاووڵاتییانەیان کە وەک "زیندانیی تیرۆریست" لە ریزەکانی چەکدارانی داعشدا لە عێراق دەستگیر کراون.