نێردەی ترەمپ لە سووریا رەتی دەکاتەوە ئەمریکا هانی سووریا دابێت هێز رەوانەی لوبنان بکات

نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سووریا و لوبنان، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن واشنتن هانی سووریای دابێت بۆ ناردنی هێزە سەربازییەکانی بۆ ناو خاکی لوبنان.

سێشەممە 17ـی ئاداری 2026، تۆم بەڕاک، نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سووریا و لوبنان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند: "ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هانی سووریا دەدات بۆ ناردنی هێز بۆ ناو لوبنان، هەواڵگەلێکی ناڕاست و بێبنەمان."

ئەم روونکردنەوەیەی باڵیۆزی ئەمریکا لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری پێنج سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هانی سووریای داوە بیر لە ناردنی هێزی سەربازی بۆ ڕۆژهەڵاتی لوبنان بکاتەوە بۆ هاوکاریکردن لە چەککردنی حزبوڵڵا، بەڵام دیمەشق لە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە دوودڵە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، هۆکاری دوودڵییەکەی دیمەشق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەترسێت پەلکێشی نێو جەنگێکی فراوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت و ببێتە هۆی هەڵگیرسانی گرژییە مەزهەبی و تائیفییەکان.