پۆلیتیکۆ: ترەمپ کۆنترۆڵی جەنگی ئێرانی لەدەستداوە و هێرشی وشکانی تاکە بژاردەیە

رۆژنامەی "پۆلیتیکۆ"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکی شیکاریدا ئاشکرای کرد، بازنەی بڕیاربەدەستانی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئیدارەی واشنتن کۆنترۆڵی ئاراستەی جەنگی دژی ئێرانی لەدەستداوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئێستا بژاردەی هێرشی وشکانی وەک تاکە رێگە بۆ رزگارکردنی ناوبانگی کۆشکی سپی لەسەر مێزی گفتوگۆیە.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر هەڵگیرسانی ململانێکاندا، ئەو ئومێدەی کۆشکی سپی بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی خێرا و کات بۆ دیاریکراو هەیبوو، بەتەواوی نەماوە.

پۆلیتیکۆ ئاماژە بەوە دەکات، درێژەخایەنبوونی ئۆپەراسیۆنەکان وای کردووە ترەمپ چیتر کۆنترۆڵی کرداریی بەسەر کات و چۆنییەتی کۆتاییهێنان بە جەنگەکەدا نەمێنێت.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، ناوەندەکانی بڕیار لە ئەمریکا پێیان وایە تەنیا گواستنەوە بۆ قۆناغی هێرشی وشکانی دەتوانێت دەستکەوتێکی سەربازی یان سیاسی وەها بخاتە دەست ترەمپ بتوانێت وەک سەرکەوتن بە بازاڕی بکات. یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت: "ئێستا ئێران تا رادەیەکی زۆر کات و شوێنی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دیاری دەکات، نەک واشنتن."

سەرەڕای پەرەسەندنی فشارەکان بۆ هێرشی وشکانی، "پۆلیتیکۆ" ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشێک لە لایەنگرانی ترەمپ هۆشداریی دەدەن لە پەلەکردن و داوا دەکەن کۆشکی سپی پێش ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێکی وشکانی وردتر بێت، هەرچەندە دان بەوەدا دەنێن بژاردە جێگرەوەکانی بەردەم واشنتن رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو کەمبوونەوە دەچن.