سێنتکۆم: لە سەرەتای ئەم هەفتەدا چەند پێگەیەکی ئێرانمان بە ئامانج گرتووە
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، سەرباری بەردەوامی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، سوپای ئەمریکا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی رادار و ناوەندی فەرماندەیی درۆن لە دوو دوورگەی ئێرانیدا.
سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ "کردەوە دوژمنکارانەکانی ئێران کە بریتی بوو لە خستنەخوارەوەی درۆنێکی ئەمریکی لە جۆری (MQ-1) لەسەر ئاوە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها جەختی کردەوە، هێرشەکان لە رۆژانی شەممە و یەکشەممەی رابردوو بە وردی کراون و هیچ سەربازێکی ئەمریکی تێیدا بریندار نەبووە.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند؛ هێزە ئاسمانییەکانیان بنکەیەکی ئاسمانییان کردووەتە ئامانج کە بۆ هێرشکردنە سەر تاوەرێکی پەیوەندییەکان لە دوورگەی سیریک بەکارهاتبوو، بەڵام وەک ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی پێداوە، سوپای پاسداران شوێنی بنکە ئاسمانییەکەی دیاری نەکردووە.
ئاستی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا روو لە زیادبوونە، ئەمەش دوای ئەوەی تاران واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی ئاگربەستی نێوانیانی پێشێل کردووە کە لە 8ـی نیسانەوە کارا کرابوو. بەتایبەت دوای ئەوە پارێزگای هورمزگان و دوورگەکانی وەک قشم و کیش، لەگەڵ بەندەری ستراتیژی عەباس، کەوتنە بەر هێرش. لای خۆیەوە سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توند دەکات، هەندێک لە فەرماندەکانیان هێشتا هیوای دوورکەوتنەوە لە جەنگی گشتگیر دەخوازن. لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) جەخت دەکاتەوە، هێرشەکانیان تەنیا بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی و تێکشکاندنی ئەو سەکۆ و بەلەمانە بووە کە هەڕەشەیان بۆ سەر گەرووی هورمز دروست کردووە.
لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەموارکردن و مەرجی توندتری خستووەتە سەر پێشنیازەکان، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی زیاتری گەیشتن بە رێککەوتن و توندبوونی زمانی دیپلۆماسی. بەرپرسانی باڵای ئێران، بەتایبەت محەمەد باقر قالیباف، بە ئاشکرا رایانگەیاندووە، هیچ متمانەیەکیان بە بەڵێنەکانی ئەمریکا نییە و تا مافەکانی گەلی ئێران بە تەواوی زامن نەکرێت، هیچ رێککەوتنێک واژۆ ناکەن. هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو ئەو قسانەی ئێستا لەبارەی ئەنجامی دانوستانەکان دەکرێن، تەنیا پێشبینین.