ریاز میوانداری کۆبوونەوەیەکی فراوانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بۆ تاووتوێکردنی ئاسایشی ناوچەکە دەکات

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، ریاز پایتەختی عەرەبستانی سعوودی، میوانداری کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری لە ئاستی وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵێک وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی دەکات. ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتییە لە هەماهەنگی و راوێژی زیاتر بۆ دۆزینەوەی رێگەکانی پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە رایگەیاند؛ ئەم کۆبوونەوەیە کە هاوکاتە لەگەڵ 29ـی رەمەزانی 1447ـی کۆچی، لە چوارچێوەی هەوڵە خێرا هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی لێکەوتەکانی ئەو پەرەسەندنە سەربازییانەی لە 28ـی شوباتی رابردووەوە ناوچەکەی گرتووەتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر چەند وڵاتێکی ناوچەکە بەردەوامییان هەیە.

ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت لە 11ـی ئاداری رابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە 2817ـی پەسەند کرد. لەو بڕیارەدا کە 136 وڵات دەنگیان پێدا، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران کرا و وەک پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی وەسف کرا.

هەروەها بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، بەگوێرەی ماددەی 51ـی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی لە مافی ئەو وڵاتانە کردووەتەوە، زیانیان بەرکەوتووە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان بە شێوەی تاکەکەسی یان بەکۆمەڵ، و داوای لە تاران کردووە دەستبەجێ هەموو هێرشەکانی رابگرێت.

چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکەی ریاز هەڵوێستێکی یەکگرتووی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەرامبەر بە ئاڵۆزییەکان و پاراستنی سەروەری وڵاتانی ناوچەکە لێ بکەوێتەوە.