نەوزاد شێخ کامیل بۆ کوردستان24: کۆگاکان پڕن لە خۆراک و هاووڵاتییان دڵنیا بن

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە بڕێکی یەکجار زۆر لە کاڵا و خۆراک لە کۆگاکاندا هەیە و پڕۆسەی هاوردەکردنیش بەردەوامە.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، تیمەکانیان زیاتر لە 3000 سەردانی مەیدانییان بۆ شوێنە بازرگانییەکان بەتایبەتی مارکێتەکان، شوێنی فرۆشتنی شیرەمەنی و سەربڕخانەکان ئەنجامداوە، لە ئەنجامی ئەو بەدواداچوونانەشدا نزیکەی 200 سەرپێچی تۆمارکراون.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی جەختی کردەوە، هیچ مەترسییەک لەسەر نەمانی کاڵا لە کۆگاکاندا نییە و گوتی: "لەو کاتەی ئێمە خەریکی سەردانەکانمان بووین، بە چاوی خۆمان بینیمان بە دەیان بارهەڵگر و کۆنتێنەر دەهاتنە نێو هەرێمی کوردستان و بارەکانیان دادەگرت."

نەوزاد شێخ کامیل راشیگەیاند، ئەم بارودۆخە وەکو سەردەمی کۆرۆنا نییە کە هاتوچۆ و هاوردەکردن تێیدا وەستابوو، بەڵکو ئێستا رۆژانە لە رێگەی دەروازەکانی ئیبراهیم خەلیل، ئومقەسر و عەرعەرەوە، کۆنتێنەر و بارهەڵگرەکانی خۆراک بەردەوام دێن و کۆگاکان پڕ دەکرێن، بۆیە هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە هەرێمی کوردستان بێخۆراک نابێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی داوای لە هاووڵاتییان کرد تەنیا بەقەدەر پێداویستی خۆیان کاڵا بکڕن و قەرەباڵخی لە مارکێتەکاندا دروست نەکەن، چونکە هەندێک جار هاووڵاتی خۆی دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخ کاتێک بە لێشاو روو لە بازاڕ دەکەن، ئەوەش دەرفەت بۆ هەندێک کاسبکار دەڕەخسێنێت کە کاڵاکان بشارنەوە یان نرخەکانیان گران بکەن.

نەوزاد شێخ کامل هۆشداریشی دا لەوەی، کۆگاکردنی بڕێکی زۆری خۆراک لە ماڵەکاندا رەنگە ببێتە هۆی تێکچوونی کاڵاکان بەهۆی نەبوونی شوێنی گونجاو، بۆیە باشترە هاووڵاتییان تەنیا پێداویستی رۆژانەی خۆیان لە مارکێتەکاندا بکڕن.