پارتی و یەکێتی لە هەولێر لە کۆبوونەوەدان

ماوەی سێ رۆژە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لێکتێگەیشتن و دروستکردنی یەکدەنگیی کورد، دەستی بە گەڕێکی کۆبوونەوە

دیمەنێکی کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی، وێنە: دەرباز ستار، کوردستان24
دیمەنێکی کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی، وێنە: دەرباز ستار، کوردستان24

K24 - هەولێر

ماوەی سێ رۆژە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لێکتێگەیشتن و دروستکردنی یەکدەنگیی کورد، دەستی بە گەڕێکی کۆبوونەوە کردووە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، ئێستاش لە هەولێر لەگەڵ یەکێتی لە کۆبوونەوەدان.

شاندەکەی پارتی بە سەرۆکایەتیی زەعیم عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و ئەندامیێتیی کاکەمین نەجاڕ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، پشتیوان سادق و عەلی حوسێن ئەندامانی سەرکردایەتییە.

شاندی یەکێتیش پێکدێت لە: سەعدی پیرە، سۆران جەمال تاهیر ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سالار سەرحەد و دارا ڕەشید، ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی.

نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر کە کۆبوونەوەکەی لێ دەکرێت گوتی: لە کۆبوونەوەکەدا سەرەتا پارتی و یەکێتی باسی پەیوەندییەکانی نێوانیان دەکەن، کە چۆن بەیەکەوە بەرنامە و پرۆژەکانیان لە کابینەی نۆیەم جێبەجێ بکەن. تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەتە بەوەی ئەو دوو لایەنە، کە دوو هێزی سەرەکین لە هەرێمی کوردستان، بەیەک ئاراستە و پەیامی هاوبەش لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەن، ئەمەش جگە لە گفتوگۆکردن لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

شاندەکەی پارتی کە بڕیارە دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەر لە هەولێر لەگەڵ گۆڕان کۆببنەوە، لە دوو رۆژی رابردوودا سەردانی هەریەک لە: یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی و حیزبی شیوعییان کردووە. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرەکەی کوردستان24، شاندەکە هەفتەی داهاتووش سەردانی کۆمەڵی ئیسلامی، سۆسیالیست و لایەنەکانی دیکەش دەکات.

Fly Erbil Advertisment