هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق بە تەواوی راگیرا

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بەهۆی پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە، هەناردەکردنی گازی ئێرانی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە تەواوی وەستاوە و ئەمەش کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، وەزارەتی کارەبای عێراق، راگەیەنراوێکی لە بارەی وەستانی هەناردەی گازی ئێرانی بڵاوکردەوە.

 ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی لێکەوتە و پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، پێش کاتژمێرێک هەناردەی گازی ئێرانی بۆ عێراق بە تەواوی وەستا، ئەمەش بووەتە هۆی لەکارکەوتنی چەند وێستگەیەک و لەدەستدانی نزیکەی 3100 مێگاوات لە وزەی کارەبا."

گوتەبێژی وەزارەت  باسی لەوە کرد، کە وەزیری کارەبا فەرمانی داوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت، کار بۆ دابینکردنی سووتەمەنی جێگرەوە و بەکارهێنانی گازیی نیشتمانیی بکرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی دروست بووە.

مووسا جەختی لەوەش کردەوە، کە لەدەستدانی ئەو بڕە زۆرەی کارەبا کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەقامگیریی سیستەمی کارەبا دەبێت، بە تایبەت کە وەزارەت پلانی هەبوو پێش دەستپێکردنی وەرزی گەرما، وێستگەکانی بەرهەمهێنان بە تەواوی ئامادە بکات.