کالاس بۆ عێراقچی: ئاسایشی گەرووی هورمز هێڵی سوورە و پێویستە هێرشەکان ڕابگیرێن

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بەپەلەدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانە گرنگەکانی ناوچەکە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی هورمز بۆ ئەوروپا لە پێشینەی کارەکانە.

چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای یەکێتی ئەوروپاوە بڵاو کردووەتەوە و تێدا ئاماژەی داوە، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، نیگەرانیی توندی ئەوروپای سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە و ئاسایشی دەریاوانی گەیاندە تاران.

کالاس جەختی لەوە کردووەتەوە کە پاراستنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز لە کارە لەپێشینە گرنگەکانی ئەوروپایە. هەروەها داوای لە ئێران کردووە کە دەستبەجێ هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکانی ناوچەکە ڕابگرێت.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسەکەی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کرد کە کالاس پاڵپشتیی یەکێتییەکەی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ قەیرانەکان دووپات کردووەتەوە، بە ئامانجی دوورخستنەوەی ناوچەکە لە جەنگێکی سەرتاسەری.