وەزارەتی کارەبای عێراق: پڕۆژەی رووناکی، پڕۆژەیەکی زۆر پێشەنگ و دەگمەنە

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، پەردەی لەسەر کورتهێنانێکی گەورە لە تۆڕی نیشتمانیی کارەبا لادا و رایگەیاند، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی بەهۆی راگیرانی هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق دروست بووە، کار بۆ هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ کڕینی گازی شل.

چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: بەهۆی ئەو جەنگە مەترسیدارەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە و بە ئامانجگرتنی ژێرخانەکانی وزە، هەناردەکردنی گازی ئێرانی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق بە تەواوی راگیراوە.

ئەحمەد مووسا ئاشکرای کرد، کە پێشتر ڕۆژانە 18 ملیۆن پێ سێجا گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکرا، بەڵام ئێستا بەهۆی راوەستانی ئەو بڕە، عێراق نزیکەی 3200 مێگاوات وزەی کارەبای لەدەست داوە، ئەمەش کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای بە هاووڵاتییان کەم کردووەتەوە.

 ئاماژەی بەوەش دا، کە ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا 14 هەزار مێگاواتە و بەهۆی ئەوەی لە وەرزی مامناوەندی پلەکانی گەرماداین، بارگرانییەکی زۆر لەسەر وێستگەکان نییە، بەڵام مەترسییەکان بۆ وەرزی هاوین جیدیین.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا هۆشداری دا و گوتی: "لە وەرزی هاویندا وێستگەکان پێویستیان بە 50 ملیۆن پێ سێجا گاز هەیە؛ ئەگەر گازی ئێران دابین نەکرێت، قەبارەی کورتهێنان دەگاتە 6 بۆ 7 هەزار مێگاوات، ئەمەش کاریگەرییەکی قورس لەسەر دۆخی کارەبا دروست دەکات."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەحمەد مووسا تیشکی خستە سەر هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و گوتی: "دەرفەتێکی باش لەبەردەمماندایە بۆ کڕینی گازی شل لە هەرێمی کوردستان و هەماهەنگییەکی بەردەواممان لەگەڵ وەزارەتی کارەبای هەرێم هەیە."

هەروەها ستایشی پڕۆژەی رووناکیی هەرێمی کرد و رایگەیاند: "پڕۆژەکە لە هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی زۆر پێشەنگ، سەرکەوتووە و دەگمەنە، کە توانیویەتی رێگری لە هەدەردانی کارەبا بکات. شاندی فەرمی وەزارەتمان سەردانی هەرێمیان کردووە و هیچ کێشەیەکمان نییە لەوەی ئەم ئەزموونە دەگمەنە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش جێبەجێ بکەین."

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەش دا، کە حکوومەتی فیدراڵ رێنمایی دەرکردووە بۆ گەیشتن بە میکانیزمێکی هاوبەش، تاوەکو سوود لە کێڵگە گازییەکان و پرۆژەکانی بەیەکبەستنەوەی کارەبا لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە وەربگیرێت، بە مەبەستی بەهێزکردنی تواناکانی تۆڕی نیشتمانیی عێراق.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بەهۆی پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە، هەناردەکردنی گازی ئێرانی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە تەواوی وەستاوە و ئەمەش کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا دەبێت.