5 هۆكار یارمەتی بارسێلۆنا دەدات چامپیۆنزلیگ بباتەوە
سەركەوتنەكەی بارسێلۆنا بەرامبەر نیوکاسڵ تەنیا گەیشتنی یانەكە نەبوو بە قۆناغی چارەکی کۆتایی، بەڵكو هۆشدارییەک بوو بۆ ڕکابەرەکانی بارسێلۆنا کە یانە کەتەلۆنییەکە بەنیازە ئەو نازناوە کیشوەرییە وەربگرێتەوە کە لە ماوەی 11 ساڵدا بەدەستی نەهێناوە.
بردنەوەی چامپیۆنزلیگ تەنیا ئامانجی بارسێلۆنا نییە، بەڵكو خەونی ئەستێرە لاوەكانی یانەكەیە لە سەرووی هەموویانەوە لامین یامال كە وەرزی رابردوو لە یاریی كۆتایی نزیك بوونەوە، بەڵام نەیانتوانی بەربەستی ئینتەر میلان تێپەڕێنن.
پێنج هۆكار یارمەتی بارسێلۆنا دەدات بۆ ئەوەی سەرلەنوی دەست بەسەر نازناوی چامپیۆنزلیگ دا بگرێت و خەونی لامین یامالیش بەدی بهێنێت:
یەكەم: خەونی فلیک
هانزی فلیک، ڕاهێنەری یانەی بارسێلۆنا بە تامەزرۆییەوە دیەوێت ئەو نازناوە كیشوەرییەی چامپیۆنزلیگ بباتەوە كە پێشتر لەگەڵ بایرن میونشن بەدەستیهێنا بوو.
فلیک لەو کاتەوەی پەیوەندی بە بارسێلۆنا كردووە پلانی بۆ ئەم نازناوە داناوە، ئەزموونی ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە هیوای بۆ یاریزانان و هاندەرانی یانەكە دروست كردووە كە فلیك دەتوانێت چامپیۆنزلیگ دوای 11 ساڵ بۆ بارسێلۆنا بگەڕێنێتەوە.
دووەم: درەوشانەوەی لامین یامال
ئەستێرە لێهاتووە 18 ساڵانەكەی بارسێلۆنا لە یارییەكانی ئەم دواییەی یانەكەی ئاستی گەیشتووەتە لوتكە، بە جۆرێك لەم وەرزە 21 گۆڵ و 16 ئەسیستی كردووە و تا دێت زیاتر دەدرەوشێتەوە، ئەم ئامارانەی لامین بۆ یاریزانێكی باڵ، زۆر سەرنجراكێشە.
سێیەم: بژاردەی زۆری هێرشبەران
وەرزی ڕابردوو بارسێلۆنا بەدەست کەمی یاریزانی هێرشبەرەوە دەیناڵاند، تەنیا پشتی بە سێ یاریزان دەبەست كە پێكهاتبوون لە ڕافینها، لامین یامال و ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسکی، بەڵام لەم وەرزەدا فلیک چەندین بژاردەی بەکارهێناوە و چەندین بەدیلی هەیە، ئەمەش یارمەتی فلیك دەدات كە هەر یاریزانێكی داببڕێت دەتوانێت كاریگەری نەبوونیان كەم بكاتەوە بەهۆی هەبوونی (فێران تۆرێس، دانی ئۆلمۆ، فیرمینۆ لۆپێز، مارکوس ڕاشفۆرد و ڕۆنی بەرداخچی.
گرێبەستی کانسێلۆ
بارسێلۆنا چارەسەری خۆی لە جواو کانسێلۆی بەرگریکاری پورتوگالی دۆزیەوە کە لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا بە خواستن پەیوەندی بە یانەی بارسێلۆنا کرد.
کانسێلۆ لە هێڵی بەرگری ڕاستدا یارییەکی ناوازە دەکات، بەڵام لە بەرگریکاری چەپیشدا بە شێوەیەکی نایاب درەوشاوەتەوە و لە دوای گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا تاڕادەیەكی كێشەی هێڵی بەرگری چارەسەر كردووە.
رێكخستنەوە و باشتركردنی بەرگری
بارسێلۆنا وەرزی رابردوو كێشەی هێڵی بەرگری هەبوو، سەرەتای ئەم وەرزەش ئەم كێشەیە بەڕوونی دیار بوو، بەڵام هانزی فلیك تاڕادەیەكی باش كێشەی هێڵی بەرگری كەم كردووەتەوە.