بەدرۆن هێرشکرایە سەر بارەگای هەواڵگریی نیشتمانی عێراق

دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە بەغدا بیسترا و شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی ئاشکرای کرد، درۆنێك خۆی به‌ باره‌گای هه‌واڵگری نیشتیمانی عێراقیدا كێشاوه.‌ 

له‌ راگه‌یاندنه‌كه‌ی سه‌رۆكی شانه‌ی راگەیەندنی ئەمنیدا هاتووە، كاتژمێر 10:15 خوله‌كی به‌یانی ئەمڕۆ شەممە، 21ـی ئاداری، باره‌گای هه‌واڵگری نیشتیمانی عێراق له‌ رێگه‌ی درۆنیكه‌وه‌ كراوه‌ته‌ ئامانج كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی مه‌نسوڕ له‌ به‌غدای پایته‌ختدا. 

پەیامنێری کوردستان 24 لە بەغدا رایگەیاند، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە بەغدا بیستراوە و هاوکات فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی لەسەر پێشانگەی نێودەوڵەتی بەغدای پایتەختی عێراق تێکشکێندراوە.

گوتیشی: هێرشەكەی شەوی رابردوو یەكێك بووە لە هێرشە چڕەكان، نزیكەی 30 هێرش كراوەتە سەر بنکەی پشتیوانی لۆجیستی و دیپلۆماسی هێزەکانی ئەمریکا و هەوڵیانداوە سیستمی بەرگری لە بنكەكە تێكبشكێنن، بەڵام نەیانتوانیوە، هەروەها بەهۆی هێرشەكانەوە كۆگایەك لە بنكەكە ئاگری گرتووە.

پەیامنێری كوردستان24 ئەوەشی خستەروو، بەگوێرەی لایەنەكانی نزیك لە بەرەی موقاوەمە هێرشەكە زیانی گیانی هەبووە بەڵام تاوەكو ئێستا رانەگەیەنراوە، گوتیشی، بەرەبەیانی ئەمڕۆش جارێكی دیكە زەنگی ئاگاداركردنەوە لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا بیستراوە.