بەهۆی هێرشە مووشەکییەکان، ئیسرائیل خوێندنی لە سەرجەم قوتابخانەکان راگرت

وەزارەتی پەروەردەی ئیسرائیل، ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی ئاداری 2026، بڕیارێکی بەپەلەی دەرکرد و رایگەیاند، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکان خوێندن لە سەرجەم قوتابخانەکاندا رادەگیرێت.

بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، بڕیارەکە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە دەگرێتەوە و لە هەموو ناوچەکانی ئیسرائیل جێبەجێ دەکرێت. ئەم هەنگاوەش وەک رێکارێکی خۆپارێزی دەگیرێتەبەر لەبەر رۆشنایی ئەو دۆخە نائارامەی ئێستا ناوچەکە پیایدا تێپەڕ دەبێت.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت دەستەی پەخشی میدیایی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی شەوی رابردوو ئێران بۆ سەر شاری عەراد (نەقەب) گەڕەکێک بە تەواوەتی وێران بووە.

هەروەها دەزگای فریاگوزاری ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، بەهۆی هێرشی مووشەکی ئێرانەوە لە شاری عەراد 220 کەس بوونەتە قوربانی بە کوژراو و بریندارەوە.

دوای ئاشکرابوونی کاریگەریی هێرشەکانی ئێران، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، شەوێکی سەخت بەڕێ دەکەین، بەڵام لە تەواوی بەرەکان درێژە بە جەنگ دەدەین.

ناتانیاهۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نیگەرانی خۆی لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران دەربڕیوە و نووسیویەتی "ئەمشەو جەنگی داهاتووماندا، زۆر سەختە" و ئاماژەیداوە، لەگەڵ یایر مەیان سەرۆکی شارەوانی عەراد قسەی کردووە لە بارەی تەندروستی دانیشتووانی شارەکە و بریندارانی هێرشە مووشەکییەکە.

هەر لە پەیامەکەیدا، ناتانیاهۆ نووسیویەتی "بەڕێوبەری گشتی نووسینگەکەمم راسپاردووە لەگەڵ هەموو وەزارەتەکانی حکوومەت هاوکاری پێویست و تەواو پێشکەش بە هاووڵاتیان بکەن.