ئیال زەمیر: پایتەختەکانی ئەوروپا کەوتوونەتە مەودای موشەکە بالیستییەکانی ئێرانەوە
ئیال زەمیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، رایگەیاند؛ هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بنکەی سەربازیی هاوبەشی ئەمریکا و بەریتانیا لە دوورگەی "دیگۆ گارسیا"، سەلمێنەری ئەو راستییەیە پایتەختە گرنگەکانی ئەوروپا، لەوانەش بەرلین، ئێستا کەوتوونەتە ناو بازنەی ئامانج و مەودای موشەکەکانی ئێرانەوە.
زەمیر لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئێران موشەکێکی بالیستیکی کیشوڕبڕی بە دوو قۆناغ تاقی کردەوە کە مەوداکەی دەگاتە 4 هەزار کیلۆمەتر، و ئامانجێکی ئەمریکی لە دوورگەی دیگۆ گارسیا پێکاوە."
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئیسرائیل جەختی کردەوە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە ستراتیژی "لێدانی سەری مارەکە" تا ئەو کاتەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە. راشیگەیاند: "ئیسرائیل بەگوێرەی پلانێکی ورد و تۆکمە کار دەکات؛ ئێمە پێشتر هێرشمان کردووەتە سەر ناوخۆی ئێران و لە ئێستاشدا لەوپەڕی ئامادەباشیداین بۆ بەهێزکردنی بەرگرییەکانمان لە بەرەی باکوور."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، زەمیر تیشکی خستە سەر پەیوەندی نێوان ئێران و گرووپە چەکدارەکان و گوتی: "حیزبوڵڵا رێکخراوێکی تیرۆریستییە و بریکارێکی سەرەکیی رژێمی ئێرانە. هەرچەندە ئێمە فشارەکانمان بۆ سەر ئێران زیاد بکەین و تاران لاواز بکەین، بەو ئەندازەیەش حیزبوڵڵا لاواز دەبێت."
ئیال زەمیر دووپاتی کردەوە، سوپای ئیسرائیل هەموو هەنگاوێکی پێویست دەنێت بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکان لە سنوورەکانی وەک سەنگەرێکی بەرگریی لە نێوان هاووڵاتییانی مەدەنی و هەر هەڕەشەیەک روویان تێبکات، دەوەستێت.