ئیمارات: بەرپەرچی چەند هێرشیێکی مووشەکی ئێرانمان دایەوە
دەسەڵاتدارانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی ئاداری 2026، رایانگەیاند؛ سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان بەرپەرچی چەندین هێرشێکی مووشەک و درۆنی دایەوە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە کراون.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند: "ئێستا هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئیمارات رووبەڕووی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران دەبنەوە و بەرپەرچیان دەدەنەوە."
هەروەها وەزارەتەکە دانیشتووانی وڵاتەکەی دڵنیاکردەوە و رایگەیاند: "ئەو دەنگە بەرزانەی لە ناوچە جیاجیاکانی دەوڵەت بیستراون، دەرەنجامی تێکشکاندن و بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە بووە لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە."
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و تاران جەخت دەکاتەوە، هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی دەوروبەر لە وەڵامی ئەو هێرشە سەربازییانەیە کە لەلایەن واشنتن و تەلئەڤیڤەوە کراونەتە سەر بەرژەوەندییەکانی.