ئیسرائیل هێرشی بۆ ناو جەرگەی تاران دەستپێکرد

ناتانیاهۆ : شەڕ لە هەموو بەرەکان دەکەین

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی ئاداری 2026 سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەند ئامانجێک لە ناو جەرگەی تارانی پایتەختی ئێران راگەیاند. ئەم هێرشە دوای چەند کاتژمێرێک دێت لە کەوتنەخوارەوەی دوو موشەکی ئێرانی لە ناو شارەکانی باشووری ئیسرائیل.

لە بەیاننامەیەکی کورتدا، سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، "هێزەکانیان ئێستا خەریکی وەشاندنی گورزن لە رژێمی ئێران لەناو جەرگەی تاراندا". ئەمە گەورەترین هێرشی سەربازییە لە نێوان هەردوو وڵاتدا لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە سێ هەفتەی رابردوودا.

دوێنێ شەو باشووری ئیسرائیل بەرەوڕووی دوو هێرشی موشەکیی کوشندە بووەوە و بوونە هۆی برینداربوونی زیاتر لە 100 کەس، لە شاری عەراد، بەهۆی موشەکێکی ئێرانییەوە 84 کەس بریندار بوون کە باری تەندروستی 10یان ناجێگیرە، هەروەها زیانێکی زۆر بە ناوچە نیشتەجێبوونەکان گەیشتووە. هەروەها شاری دیمۆنا کە دامەزراوەیەکی ئەتۆمی گرنگی ئیسرائیلی تێدایە، موشەکێکی دیکەی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە 33 کەس بریندار بوون. موشەکەکە تەنیا 5 کیلۆمەتر لە دامەزراوە ئەتۆمییەکە دوور بووە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "ئەمە شەوێکی زۆر سەختە لە جەنگی ئێمەدا بۆ داهاتوومان. ئێمە سوورین لەسەر بەردەوامبوون لە لێدانی دوژمنەکانمان لە هەموو بەرەکاندا."

لەلایەکی دیکەوە، تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند؛ هێرشە موشەکییەکەی سەر دیمۆنا "وەڵامێک بووە بۆ بۆردومانکردنی دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز" کە پێشتر لە رۆژی شەممەدا لەلایەن ئیسرائیل کرابووە ئامانج.

شاری دیمۆنا لە بیابانی نەقەب دەکەوێتە و مەکۆی سەرەکیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئیسرائیلە. هەرچەندە ئیسرائیل بە فەرمی دەڵێت: بۆ مەبەستی توێژینەوەیە، بەڵام پەیمانگای ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی (SIPRI) ئاماژە بەوە دەکات،  ئیسرائیل خاوەنی نزیکەی 90 کڵاوەی ئەتۆمییە. ئەم هەڵکشانە نوێیەی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات.