بەریتانیا: هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ سەر ئێران هەڵوێستی کەسیی خۆیەتی
وەزیری نیشتەجێکردنی بریتانیا رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی نایەوێت پەلکێشی جەنگ لەگەڵ ئێران بکرێت و هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکاش بۆ تێکدانی وێستگەکانی کارەبای ئەو وڵاتە، تەنیا گوزارشت لە بۆچوونی کەسیی خۆی دەکەن.
یەکشەممە 22ی ئاداری 2026، ستیڤ رید وەزیری نیشتەجێکردنی بەریتانیا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کاتێک هەڕەشەی وێرانکردنی وێستگەکانی وزەی ئێرانی کردووە، تەنیا گوزارشتی لە هەڵوێستی کەسیی خۆی کردووە، ئەگەر تاران لە ماوەی 48 کاتژمێردا گەرووی هورمز بە تەواوی بە رووی کەشتیوانیی جیهانیدا نەکاتەوە.
رێد لە وەڵامی پرسیارێکی کەناڵی "سکای نیوز"دا سەبارەت بە هەڵوێستی لەندەن بەرانبەر ئەو مۆڵەتەی ترەمپ، گوتی: "سەرۆکی ئەمریکا بە تەواوی توانای هەیە گوزارشت لە خۆی بکات و بەرگری لە گوتەکانی بکات. ئێمە پەلکێشی ناو جەنگ نابین، بەڵام بەرژەوەندییەکانی خۆمان لە ناوچەکە دەپارێزین".
وەزیرە بەریتانییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کار دەکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری گرژییەکان لە ناوچەکەدا.