ئەمشەو ئارسێناڵ و مان سیتی شەڕی یەكەمین ناسناوی ئەم وەرزە دەكەن
مانچێستەر سیتی دوای دەرکرانی لە چامپیۆنزلیگ و بێهیوابوون لە بەدەستهێنانی ناسناوی ئەو پاڵەوانێتیە، ئەمجارەیان لە یاری کۆتایی جامی کاراباو رووبەڕووی ئارسێناڵی رکابەری ئەم وەرزەی دەبێتەوە. ستیزن لە دوای لیڤەرپوول خاوەنی زۆرترین ناسناوی جامەکەیە، بەڵام ئارسێناڵ تەنها دووجار بووەتە پاڵەوان و دوایینجاریش کە بووە پاڵەوانی جامی کاراباو، هیچ کام لە یاریزانەکانی ئێستای یانەکە لە دایک نەبووبوون.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە یاریگەی وێمبلی لە لەندەن یاری کۆتایی جامی کاراباو لەنێوان ئارسێناڵ و مان سیتی بەڕێوە دەچێت، بۆ جاری یەکەمە یارییەكە لە نێوان پێشەنگ و دووەمی پرێمەرلیگ دەکرێت، ئارسێناڵی پێشەنگی پرێمەرلیگ پێشتر تەنها دووجار بووەتە پاڵەوانی جامەکە، دوایینجاریش لە ساڵی 1993 کاتێک جامەکەیان بردەوە، هیچ کام لە یاریزانەکانی ئێستای یانەکە لە دایک نەبووبوون.
مان سیتی ئەم وەرزە بێجگە لە دەستدانی ناسناوی چامپیۆنزلیگ، رەنگە لە بەدەستهێنانی ناسناوی پرێمەرلیگیش ئەوەندە هیوای نەبێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی جامی کاراباو دەدەن.
لێدوانەكانی گواردیۆلا لەبارەی یارییەكەی ئەمشەو.
''ئێمە وەرزی رابردوو سەرکەوتین بۆ یاری کۆتایی جامی ئینگلاند، یارییەکی زۆر باشمان بەرامبەر کریستاڵ پاڵاس کرد، بەڵام نەمانتوانی ناسناوەکە ببەینەوە و بە گشتی وەرزێکی باش نەبوو بۆ ئێمە، ئەم وەرزە لەوانەیە بەم شێوەیە نەبێت و نازانم چ روودەدات، بەڵام بە گشتی وەرزێکی باشمان بەرێکردووە. ئەم وەرزە پێویستی زۆرمان بە ناسناوێک هەیە، لەبەر ئەوەی لە زۆربەی یارییەکان ئاستێکی باشمان پێشکەش کردووە''.
مانچێستەر سیتی خاوەنی هەشت ناسناوی جامی کاراباوە، لە دوای لیڤەرپوولی خاوەنی زۆرترین ناسناو لە پلەی دووەم دێت، بەڵام نزیکەی پێنج ساڵە نەیتوانیوە ئەو ناسناوی واتە جامی کاراباو بباتەوە و لە کاتەوەش مان سیتی یەکەمجارە دەگاتە یاری کۆتایی جامەکە.