پاڵەوانێكی كورد ئامادەكاری بۆ پاڵەوانێتییەكی جیهانی دەكات
هەكاری گەردی 17 ساڵە ركابەری لەسەر یارییەكانی بەرگرییە جەنگییەكان دەكات
هەكار گەردی، پاڵەوانی كورد لە یارییە جەنگییەكان ئامادەكاری دەكات بۆ یەكێك لە گەورەترین پاڵەوانێتییەكانی جیهان كە بڕیارە لە ناوەراستی مانگی داهاتوو لە وڵاتی مالیزیا بەڕێوە بچێت.
هەكار گەردی، پاڵەوانی كورد لە یاریی جەنگی و بەرگرییەكان لە ساڵی 2025 چیرۆكێكی گەورەی بە ناوی هەرێمی كوردستان نووسییەوە و لە شاری پۆكێتی تایلەند بە بەشداریی چەندان وڵاتی ئاسیا و ئەورووپا پلەی یەكەم لە جۆری موای تای بەدەستهێنا و پشتێنی RBSـی نێودەوڵەتی بردەوە.
هەكار گەردی دواتر هەر لە ساڵی 2025 بە ئاڵای كوردستان لە وڵاتی ئیندونیسیا پلەی یەكەمی بەدەستهێنا و گرێبەستێكی لەگەڵ یەكێك لە كۆمپانیا ناودارەكانی هونەری جەنگی لە وڵاتی مالیزیا واژۆ كرد بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی MMA كە بڕیارە پاڵەوانێتییەكە لە رۆژی 19ـی مانگی داهاتوو لە شاری كوالالامپۆری پایتەختی مالیزیا بەڕێوە بچێت.
هەكار گەردی پاڵەوانە كوردە هەولێرییەكە بە ناوی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 17 ساڵە كێبڕكێ دەكات لە پاڵەوانێتییەكانی هونەرە جەنگییەكان و ئێستا لە وڵاتی ئیندۆنیسیا ئامادەكاری دەكات بۆ یەكەمین رووبەڕبوونەوەی لە پاڵەوانێتی هونەر جەنگییەكانی مالیزیا كە تێیدا رووبەڕووی جەیسن لاوی مالیزی دەبێتەوە.