ترەمپ و ستارمەر بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی ئاسایشی وزەیان تاوتوێ کرد

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و تیایدا بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی ئاسایشی وزەیان تاوتوێ کرد.

دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، بەگوێرەی زانیارییەکان، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی بەپەلە بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز کردووەتەوە، هاوکات ترەمپ و ستارمەر رێککەوتن لەسەر ئەوەی کردنەوەی ئەو گەرووە ستراتیژییە، زەرورەتێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی سەقامگیری بازاڕی وزە لە جیهاندا.

ئەم پەیوەندییە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشاڵ" ڤیدیۆیەکی گاڵتەجاڕی بڵاوکردەوە، ڤیدیۆکە بەشێکە لە بەرنامەی کۆمیدی "Saturday Night Live"ی بەریتانی، تیایدا ئەکتەرێک رۆڵی کییەر ستارمەر دەبینێت کە بە ترس و دڵەڕاوکێوە هەوڵ دەدات وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ترەمپ نەداتەوە و لەبەر خۆیەوە دەڵێت: "چی دەبێت ئەگەر دۆناڵد بەسەرمدا هاوار بکات؟"

لە بەشێکی ڤیدیۆکەدا، ئەکتەری بەرانبەر کە رۆڵی دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوە دەبینێت، بە ستارمەر دەڵێت: "گەورەم، راستگۆ بە و پێی بڵێ ناتوانین کەشتی زیاتر بنێرین بۆ گەرووی هورمز".

پێشتر پەیوەندییەکانی نێوان ترەمپ و ستارمەر ئاڵۆزی تێکەوتبوو، ترەمپ هێرشی توندی کردبووە سەر ستارمەر و بەوە تۆمەتباری کردبوو کە پشتگیری ئەمریکا ناکات و بە گاڵتەجاڕییەوە گوتبوی: "ئەمەی مامەڵەی لەگەڵ دەکەین وینستۆن چێرچڵ نییە".

لە کاتێکدا ستارمەر لە سەرەتادا رەتیکردبووەوە وڵاتەکەی هیچ رۆڵێکی هەبێت لە جەنگ دژی ئێران، بەڵام دواتر رەزامەندی دەربڕی لەسەر داواکارییەکی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی دوو بنکەی سەربازی بەریتانی بۆ مەبەستی بەرگری دیاریکراو و سنووردار.