چوار وڵاتی عەرەبی بەرپەرچی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران دەدەنەوە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، وڵاتانی کوەیت، عەرەبستانی سعوودیە و ئیمارات رایانگەیاند؛ سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییان چەندین مووشەکی بالیستی ودرۆنیان تێکشکاندووە کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.
سوپای کوەیت لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەی رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی دوژمنکارانە بووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، دەنگی تەقینەوەکان نیشانەی تێکشکاندنی ئەو ئامانجانە بووە لە ئاسماندا. هاوکات لەگەڵ چالاکبوونی سیستەمە بەرگرییەکان، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەند ناوچەیەک لێدراوە. ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە، لە کۆی 7 درۆن کوەیت 4ـی لە ئاسمانی خۆیدا تێکشکاند.
وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رایگەیاند، درۆنێکیان لە ناوچەی سنووری باکوور و یەکێکی دیکەیان لە ناوچەی رۆژهەڵات تێکشکاندووە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، دوێنێ 3 مووشەکی بالیستی بەرەو ریاز ئاراستە کراون؛ یەکێکیان تەقێندراوەتەوە و دوانەکەی دیکە لە ناوچەی چۆڵ کەوتوونەتە خوارەوە.
لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگریی ئیمارات جەختی کردەوە بەرگرییە ئاسمانییەکانیان مامەڵەیان لەگەڵ هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران کردووە. بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی ئەبوزەبی، لە ئەنجامی تێکشکاندنی مووشەکێکی بالیستی، پارچەکانی لە ناوچەی "شەوامخ" کەوتوونەتە خوارەوە و بەو هۆیەوە کەسێکی بەڕەگەز هیندی بە سووکی بریندار بووە. ئیمارات ئاشکرای کرد، تەنیا لە دوێنێدا بەرپەرچی 4 مووشەک و 25 درۆنیان داوەتەوە.
لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا و داوا لە هاووڵاتیان کرا بچنە شوێنە ئارامەکان. فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی بەرگریی بەحرەین رایگەیاند؛ لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئێران لە 28ـی شوباتەوە تا ئێستا، توانیویانە 145 مووشەک و 246 درۆن تێکبشکێنن کە خاکی شانشینەکەیان کردبووە ئامانج.
ئەم هێرشانەی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو وەک وەڵامدانەوەیەک دێت بۆ ئەو هێرشە ئاسمانییانەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی رابردووەوە بۆ سەر خاکی ئێران دەستیان پێکردووە، بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس و بەرپرسی باڵای ئەمنیی تاران. ئێران جگە لە وڵاتانی کەنداو، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیشی لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج.