لە لەندەن ئاگر لە ئەمبوڵانسەکانی رێکخراوێکی سەر بە پێکهاتەی جوو بەردرا

لە گەڕەکێکی جوونشینی لەندەن، چەند کەسێکی دەمامکدار ئاگریان لە 4 ئەمبوڵانسی رێکخراوێکی خۆبەخشی بەردا. رووداوەکە وەک کارێکی "دژە جوو" لێکدەدرێتەوە و تائێستاش هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە.

بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری، چەند کەسێکی دەمامکدار کە دەبەی بەنزین و ماددەی سووتێنەریان بەدەستەوە بووە، دەچنە لای ئۆتۆمبێلەکان و راستەوخۆ ئاگریان تێبەر دەدەن، کە دواتر بەهۆی گەورەیی ئاگرەکەوە دووکەڵێکی رەش ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشی.

گوتەبێژی ئاگرکوژێنەوەی لەندەن لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی راگەیاند؛ لەو رووداوەدا 4 ئەمبوڵانس ئاگریان تێبەردراوە، بەڵام خوشبەختانە هیچ قوربانییەکی مرۆیی لێنەکەوتووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، تائێستا هۆکاری پشت رووداوەکە ئاشکرا نەکراوە و هیچ کەسێکیش بەو تۆمەتە دەستگیر نەکراوە.

ئەو ئۆتۆمبێلانە سەر بە رێکخراوی "حاتزۆلا"ن، کە رێکخراوێکی خۆبەخشی جووەکانە و بە فەرمی لەلایەن حکوومەتی بەریتانیاوە تۆمارکراوە و مۆڵەتی کارکردنی پێدراوە. ئەو رێکخراوە بە شێوەی 24 کاتژمێری خزمەتگوزاریی پزیشکی و فریاگوزاری پێشکەشی کۆمەڵگە جوونشینەکانی لەندەن دەکات.

هەرچەندە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەڵام رووداوەکە وەک کارێکی "دژە جوو" و گوزارشتکردن لە رق بەرانبەر بە جووەکان لەقەڵەم دراوە.