ئاستی ئاوی بەنداوەکانی هەرێم بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاو، سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نوێترین ئاماری دۆخی بەنداوەکانی لە 24 کاتژمێری رابردوودا بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بە زیادبوونی بەرچاوی قەبارەی ئاوی کۆگاکراو دەکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوودا، بڕی 242 ملیۆن مەتر سێجا ئاو رووی لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان کردووە. بەمەش ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان 83 سم و بەنداوی دەربەندیخان 30 سم بەرزبووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ بەنداوی دهۆک 2.5 ملیۆن مەتر سێجا داهاتی ئاوی هەبووە و ئاستەکەی یەک مەتر بەرزبووەتەوە. هەروەها بەنداوی گۆمەسپان نیو ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێچووە. سەبارەت بە بەنداوە بچووک و ناوەندەکانیش، راگەیەندراوەکە ئاشکرای کردووە، زۆربەیان پڕبوون و دەستیان بە سەرڕێژکردن کردووە.

وەزارەتی کشتوکاڵ ئاگاداری هاووڵاتییان دەکاتەوە، ئەمڕۆ بڕی بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان زیاد دەکرێت. هەر بۆیە جەخت لە هۆشدارییەکانی پێشوو دەکرێتەوە، هاووڵاتییان و گەشتیاران لە رووباری سیروان و کەناراوەکانی خواروی بەنداوەکان دووربکەونەوە و پارێزگاری لە گیانی خۆیان بکەن.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا دڵنیایی دراوە، پلانی کۆگاکردن و بەردانەوەی ئاو بە شێوەیەکی زانستی و سەرکەوتووانە لەلایەن تیمە پسپۆڕەکانەوە بەڕێوەدەچێت و هیوای سەلامەتی بۆ هەمووان دەخوازن.