سەرۆکوەزیرانی لوبنان: فەرماندەکانی سوپای پاسداران سەرپەرشتیی هێرشەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل دەکەن

نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان
نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان

نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان جەختی لەوە کردەوە، شەڕ بەسەر وڵاتەکەیدا سەپێنراوە. دووپاتیشی کردەوە، فەرماندەکانی سوپای پاسداران کە بە "شێوەیەکی نایاسایی" لە وڵاتەکەیانن، سەرپەرشتیی هێرشەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل دەکەن.

سەلام لە دیدارێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئاواتەخواز بووین ئەو لایەنەی ئێمەی خستە ناو شەڕەوە پێش ئەوەی سەرکێشییەکی دیکە بکات ژیرانە رەفتاری بکردایە"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ حزبوڵڵا. ئەوەشی خستە روو، "هەر مووشەکێک لەو شەش مووشەکەی حزبوڵڵا لە 2ی ئادار هەڵیدان باجەکەی 10 هەزار ئاوارەی لوبنانی بوو".

سەبارەت بە پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک تەنیا لەلایەن دەوڵەتەوە، سەلام روونی کردەوە، لوبنان چەندین ساڵ لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی چەک دواکەوتووە. هەروەها گوتی، "ئەو راگەیەنراوە وەزارییەی جەختی لە کۆنترۆڵکردنی چەک کردووەتەوە متمانەی حزبوڵڵای بەدەستهێناوە".

جەختیشی لەوە کردەوە، "مووشەکەکانی حزبوڵڵا سەرباری زیانە زۆرەکانیان، هەڕەشەیان لە متمانەی حکوومەت کردووە". هەروەها دووپاتی کردەوە، "لە بڕیارەکانی حکوومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک پاشگەز نابینەوە".

ئاماژەی بەوەش دا، "هەڕەشەکانی حزبوڵڵا نامانترسێنن". هەروەها رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆنترۆڵکردنی چەک زۆر پێویستترە دوای ئەو باجەی بەهۆی ئەو جۆرە جەنگەی پێی دەگوترێت "شەڕی پاڵپشتی" دراوە.

سەبارەت بە دانوستانەکان لەگەڵ ئیسرائیل، سەلام گوتی، "چەمکی قەدەغەکردنی دانوستانمان لەگەڵ ئیسرائیل هەڵوەشاندەوە". لە هەمان کاتدا روونی کردەوە، هێشتا هیچ خشتەیەکی کار بۆ دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل نییە.

هەروەها دووپاتی کردەوە، دەستپێشخەریی دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل "هێشتا لەلایەن ئێمەوە بەردەوامە". ئەوەشی خستە روو، "هەوڵ دەدەین شاندێکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل پێکبهێنین". ئاماژەی بەوەش کرد، ئاگربەست و چوونەدەرەوەی ئیسرائیل لە لوبنان ئامانجی دانوستانە راستەوخۆکانە.

لە لایەکی دیکەوە سەلام روونی کردەوە، "سوپای پاسدارانی ئێران لە لوبنان بوونی هەیە و سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکات". ئاماژەی بەوەش دا، "سوپای پاسداران بوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە لوبنانەوە بەرەو قوبرس هەڵدا".

هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی ئەندامانی سوپای پاسداران "بە شێوەیەکی نایاسایی لە لوبنان نیشتەجێن". جەختیشی لەوە کردەوە، "جێبەجێکردنی بڕیاری حکوومەت بۆ دەرکردنی سوپای پاسداران لە لوبنان لە قۆناغی جێبەجێکردندایە". ئەوەشی خستە روو، ئەندامانی سوپای پاسداران بە پاسپۆرتی ساختەوە لە لوبنان دەمێننەوە.

ململانێی ئێستای نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە 3 هەفتە پێش ئێستاوە سەریهەڵداوە، ئەمەش دوای ئەوەی پارتەکە چەند مووشەکێکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.

لە بەرانبەردا ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی بەرفراوان ئەنجام دەدات و هێزەکانیشی دزە دەکەنە ناو باشووری لوبنانەوە، بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتدارانی لوبنانیش ئەمە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 1029 کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێک کەس.