ئەنجوومەنی بەرگریی ئێران: هەر هێرشێک بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا وەڵامێکی وێرانکەری دەبێت

ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانیی ئێران هۆشداریی توند دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و رایدەگەیەنێت؛ هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی وەڵامێکی "وێرانکەری" دەبێت و هەڕەشەی مینڕێژکردنی تەواوی کەنداویش دەکات.

ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانیی ئێران لە راگەیەندراوێکی نوێدا جەختی لەسەر وەڵامدانەوەی سەربازیی خێرا کردەوە و رایگەیاند؛ هەر هێرشێک بکرێتە سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی، بێ دواکەوتن و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵامی دەدەنەوە.

ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەروەک چۆن پێشتر بنکەی ئەتۆمیی "دیمۆنا" لە تۆڵەی هێرشەکەی سەر دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز کرایە ئامانج، ئێستاش تاران پابەندە بەوەی وەڵامی هەر هێرشێکی سەر ژێرخانی وزە بداتەوە و جەختیش دەکەنەوە کە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە هیچ دواکەوتنێکی تێدا نابێت.

لە بەشێکی دیکەی هەڕەشەکاندا، ئەنجوومەنی بەرگریی ئێران رایگەیاندووە؛ هەر هەوڵێکی "دوژمن" بۆ هێرشکردنە سەر کەناراوەکان یان دوورگەکانی ئێران، وادەکات هەموو هێڵەکانی پەیوەندی و گواستنەوە لە کەنداوی فارس بە جۆرەها مینی دەریایی مینڕێژ بکرێن. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لەو حاڵەتەدا تەواوی کەنداوی فارس بۆ ماوەیەکی درێژ هەمان دۆخی داخراوی گەرووی هورمزی لێدێت.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هۆشداریی بە وڵاتانی جیهان دراوە و هاتووە؛ "تاکە رێگە بۆ تێپەڕبوونی ئەو وڵاتانەی لە جەنگەکەدا تێوەنەگلاون لە گەرووی هورمزەوە، تەنیا لە رێگەی هەماهەنگیی راستەوخۆ دەبێت لەگەڵ ئێران."