لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە هەزاران کەس کوژران و بریندار بوون
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی "هرانا" بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، ئاشکرای کرد، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە 28ـی شوبات، هەزاران کەس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوژرا و بریندار بوون.
ئێران
ژمارەی قوربانیانی جەنگەکە لە ناوخۆی ئێران گەیشتووەتە سێ هەزار و 230 کوژراو. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەزار و 406 کەسیان هاووڵاتی مەدەنین و لەنێویاندا 210 منداڵ هەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی فەرمی ئێران ئامارێکی کەمتر دەخەنە روو و باس لە کوژرانی هەزار و 332 کەس دەکەن، ئەمەش جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان سەرچاوە مەیدانییەکان و لێدوانە فەرمییەکان نیشان دەدات.
لوبنان
دەسەڵاتدارانی لوبنان رایانگەیاند؛ لە 2ـی ئادارەوە تا ئێستا هەزار و 29 کەس لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە 100 منداڵ لە ناو قوربانییەکاندان، ئەمەش بارودۆخی مرۆیی لەو وڵاتەدا ئاڵۆزتر کردووە.
عێراق
سەرچاوە تەندروستییەکانی عێراق ئاشکرایان کردووە، لانیکەم 60 کەس لەو وڵاتەدا کوژراون، زۆربەیان سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبین. هاوکات، لە رووداوێکی جیادا فڕۆکەیەکی سەربازی ئەمریکی تێکشکا و بووە هۆی کوژرانی 6 سەرباز، جگە لە کوژرانی ئەندامێکی تیمی کەشتییەکی بیانی لە هێرشێکی نزیک بەندەرەکاندا.
ئیسرائیل
خزمەتگوزاری فریاکەوتنی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، 15مەدەنی کوژراون، کە 9یان لە هێرشێکی مووشەکی ئێراندا بوون بۆ سەر "بیت شیمش". لە لایەکی دیکەوە سوپای ئیسرائیل کوژرانی 2 سەربازی لە باشووری لوبنان پشتڕاستکردەوە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە 4 ئافرەتی فەڵەستینی لە کەناری رۆژئاوا بەهۆی موشەکێکی ئێرانییەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئەمریکا
پێنتاگۆن رایگەیاند؛ لە دەسپێکی جەنگەکەوە 13 سەربازی ئەمریکی گیانیان لەدەستداوە. 6 لەو سەربازانە لە رووداوێکی تێکشانی فڕۆکەی سەربازی لە عێراقدا بوونەتە قوربانی، لە کاتێکدا 7 سەربازی دیکەیان لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوخۆی خاکی ئێراندا کوژراون.
کوەیت
دەسەڵاتدارانی کوەیت رایانگەیاند؛ 6 کەس لەو وڵاتەدا کوژراون. قوربانییەکان پێکهاتوون لە 2 مەدەنی لە هێرشەکانی ئێراندا گیانیان لەدەستداوە، لەگەڵ 47 کارمەندی دیکەی وەزارەتی ناوخۆ و هێزە چەکدارەکان کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا بوونەتە قوربانی.