ئیمارات: رووبەڕووی زیاتر لە 2 هەزار مووشەک و درۆن بووینەتەوە
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویەتی 7 مووشەکی بالیستی و 16 درۆنی ئێرانی تێکبشکێنێت. ئاشکراشی دەکات کە لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2 هەزار مووشەک و درۆن ئاراستەی خاکی وڵاتەکەی کراون.
ئەمڕۆ دووشەممە 23ی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگریی دەوڵەتی ئیمارات لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی رووبەڕووی هێرشێکی نوێ بووەتەوە و توانیویەتی 7 مووشەکی بالیستی و 16 درۆن تێکبشکێنێت کە لە ئێرانەوە رەوانە کرابوون.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ئامارێکی گشتیی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە تاوەکو ئێستا، بەرگریی ئاسمانیی ئیمارات رووبەڕووی ئەم هێرشانە بووەتەوە:
- 352 مووشەکی بالیستی.
- 15 مووشەکی کڕووز (جووڵاو).
- 1789 درۆنی بۆمبڕێژکراو.
ئاماری قوربانییەکان:
لە راگەیەندراوەکەدا زیانە گیانییەکانی ئەو هێرشانە خراونەتە روو و ئاماژە بەوە دراوە کە بەهۆی ئەو هێرشانەوە 2 کارمەندی هێزە چەکدارەکان لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا شەهید بوون، هەروەها 6 کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و 161 کەسیش لە رەگەزنامە جیاوازەکان بە سووکی و مامناوەندی بریندار بوون.
لە کۆتاییدا وەزارەتی بەرگریی ئیمارات جەختی لەسەر بەرزترین ئاستی ئامادەباشی و لێهاتوویی هێزەکانی کردووەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک کە ئاسایش و سەروەریی وڵاتەکەی بخاتە مەترسییەوە، راشیگەیاندووە کە بە توندی و بەبێ دوودڵی بەرگری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دەکەن.