ترەمپ: لەگەڵ سەرکردەیەکی باڵای ئێراندا گفتوگۆمان دەربارەی ڕێککەوتنێکی 15 خاڵی کردووە

سەرۆکی ئەمریکا مەرجی "نەبوونی چەکی ئەتۆمی" وەک هێڵی سووری واشنتن بۆ رێککەوتن لەگەڵ تاران دیاری کرد و رایگەیاند کە گەیشتن بەم رێککەوتنە دەبێتە هۆی دابەزینێکی مێژوویی لە نرخی نەوت و کردنەوەی گەرووی هورمز. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا لەگەڵ گرووپێکی "ژیر و رێزلێگیراو" لە ناوخۆی ئێران لە گفتوگۆدان و لەسەر 15 خاڵی سەرەکی گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن

دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەرنجی خستە سەر دواین گۆڕانکارییەکانی شەڕی ئێران و ئاماژەی بەوە کرد کە ئاستی گفتوگۆکان گەیشتووەتە قۆناغێکی جددی. ترەمپ گوتی: "ئەوان پەیوەندییان پێوە کردووین، نەک ئێمە؛ ئێران بە پەرۆشە و دەیەوێت رێککەوتن بکات و ئێمەش هەمان ئارەزوومان هەیە."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وردەکاریی زیاتری لەبارەی ئەگەری واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ تاران خستەڕوو و رایگەیاند، ئێستا لەسەر چەندین خاڵی گرنگ گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی 15 خاڵی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا هەیە، بەڵام جەختی کردەوە کە هێڵی سوور و مەرجی ژمارە یەک، دوو، و سێی ئەمریکا ئەوەیە کە ئێران "هەرگیز" نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

دۆناڵد ترەمپ، ئاشکرا کرد، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر سەرپەرشتی گفتوگۆکانیان کردووە و بە شێوەیەکی بێ کەموکوڕی بەڕێوەچوون. ترەمپ جەختی کردەوە ئەگەر لایەنی ئێرانی پابەندی ناوەڕۆکی گفتوگۆکان بن، ئەوا ئەم کێشە و ململانێیە بە شێوەیەکی زۆر بنەڕەتی کۆتایی پێ دێت.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، کە گفتوگۆکان دوێنێ تا درەنگانی شەو بەردەوام بوون و هەردوولا پەرۆشی خۆیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن نیشان داوە. گوتیشی: "ئەمڕۆش جارێکی تر قسە دەکەینەوە، رەنگە بە تەلەفۆن بێت چونکە بۆ ئەوان قورسە لە وڵاتەکەیان بێنە دەرەوە."

ترەمپ هۆشدارییەکی توندیشی هاوپێچی گەشبینییەکەی کرد و رایگەیاند: "ئێمە مۆڵەتی پێنج رۆژمان دیاری کردووە؛ ئەگەر لەم ماوەیەدا کارەکان بە باشی بڕۆن، ئەوا کۆتایی بەم کێشەیە دەهێنین و رێککەوتنەکە واژۆ دەکەین، بەڵام ئەگەر رێکنەکەوین، ئەوا بەردەوام دەبین لە بۆردوومانکردن بە هەموو هێزمانەوە."

بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، لایەنی ئێرانی رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر ئەوەی واز لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بهێنن، ئەمەش وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ سەرکەوتنی گفتوگۆکان هەژمار دەکرێت.

ترەمپ جەختی کردەوە: "ئەگەر هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران ئەنجام نەدابایە، ئەوا تاران لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، کە ئەوە هەڕەشەیەکی دەستبەجێ بوو." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە بە جۆرێک دەبێت کە "ئیسرائیل زۆر لێی رازی بێت."

سەرۆکی ئەمریکا، باسی لەوەش کرد، زۆربەی بەرپرسانی دەسەڵاتی پێشووی کوژراون و ئێستا گۆڕینی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئەنجامدراوە. ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئێستا ئەوان مامەڵە لەگەڵ گرووپێک دەکەن کە بە گوتەی ئەو کەسانێکی زۆر ژیر، مەنتیقی و خاوەن هەڵوێستن.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو کەسانەی لە ناوخۆی ئێراندا ماون، خۆیان دەناسن و کەسانێکی رێزلێگیراون، و پێشبینی دەکات یەکێک لەوان ببێتە ئەو سەرکردەیەی کە ئەمریکا بۆ داهاتووی ئێران بەدوایدا دەگەڕێت؛ سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی ئێران، گوتی: "ئێمە زۆر بە جددی بەرەو گۆڕینی دەسەڵات دەچین، رەنگە سەرکردەیەکی نوێ بدۆزینەوە وەک ئەوەی لە ڤەنزوێلا کردمان، یان رەنگە جۆرێک لە سەرکردایەتیی هاوبەش دروست ببێت."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چارەنووسی موجتەبا خامنەیی، ترەمپ ڕایگەیاند: "من نامەوێت ئەو بکوژرێت، بەڵام لە راستیدا نازانم هێشتا لە ژیاندا ماوە یان نا."

ترەمپ ئاشکرای کرد کە گومان هەیە لەوەی موجتەبا خامنەیی لە شوێنی خۆی مابێت و گوتی: "لەوێش نەیانبینیوە، شتێک لە ئارادایە کە پەیوەندی بەوەوە هەیە." هەروەها سەرۆکی ئەمریکا بە راشکاوی رایگەیاند کە ئەو، موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری داهاتووی ئێران دانانێت و گوتی: "من ئەو بە رێبەر ناناسم."

ترەمپ جەختی کردەوە کە "گەرووی هورمز بەمزووانە دەکرێتەوە" ئەگەر کارەکان وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە بڕۆنە پێش.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کێ کۆنترۆڵی هاتوچۆی نەوت و ئاسایشی گەرووەکە دەکات، ترەمپ رایگەیاند: کۆنترۆڵەکە بە شێوەیەکی هاوبەش دەبێت، رەنگە لەلایەن من و ئایەتوڵڵاوە بێت، هەرکەسێک بێت کە دەبێتە ئایەتوڵڵای داهاتوو."

لەسەر ئاستی ئابووری، سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایی دایە بازاڕەکان کە گەیشتن بە رێککەوتن دەبێتە هۆی دابەزینێکی خێرای نرخی نەوت لە جیهاندا و گەرووی ستراتیژیی هورمز بە خێرایی بەڕووی کەشتیوانیدا دەکرێتەوە.

ترەمپ دووپاتی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەو ئاشتی و جێگیرییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام گوتیشی: "من ناتوانم گەرەنتیی رێککەوتن بکەم، بۆیە ئەگەر تاران لەم هەنگاوانە پاشەکشە بکات، بۆردوومانەکانمان بەردەوام دەبن تاوەکوو لەناوبردنی تەواوەتی."