کریستیانۆ رۆناڵدۆ هاندەرانی دڵنیا دەکاتەوە

نوێترین دەرکەوتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ
نوێترین دەرکەوتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ و یانەی نەسڕی سعوودی، ماوەیەکە بەهۆی پێکان لە یاریگاکان دابڕاوە و هاندەرانی یانەکەشی لە گەڕانەوەی دڵنیا دەکاتەوە.

ئەستێرە پۆرتوگاڵیەکەی یانەی نەسڕی سعوودی، کۆتاییەکانی مانگی شوباتی رابردوو لە ماسولکەکانی رانی تووشی پێکان بوو، بۆیە لەو کاتەوە بەشداری هیچ یارییەکی یانەکەی نەکردووە، ئەو یاریزانە دوای پێکانەکەشی یەکسەر وڵاتی سعوودیەی جێهێشت و گەڕایەوە پۆرتوگاڵ.

رۆناڵدۆ لە نوێترین دەرکەوتنی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وێنەیەکی خۆی لە کاتی راهێنان بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی '' هەموو رۆژێک بەرەو باشتربوون ''. ئەم پەیامەی دۆن وایکردووە هاندەرانی دڵنیابن لە گەڕانەوەی لە کاتێکی نزیک.

کریستیانۆ هەر بەهۆی ئەو پێکانەکەی کە هەیەتی، بانگهێشتی هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ بۆ دوو یاری دۆستانە بەرامبەر مەکسیک و ئەمریکا نەکراوە، هەروەها دۆن دوایینجار 28ـی مانگی شوباتی رابردوو بەشداری یاری یانەکەی بەرامبەر فەیحا کرد.