ئەکسیۆس: ویتکۆف و ڤانس لە پاکستان لەگەڵ قالیباف کۆدەبنەوە

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە ئاشکرای کرد، کە وڵاتانی نێوەندگیر هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی باڵا لە نێوان شاندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ئەنجام بدرێت.

دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، بەپێی راپۆرتەکەی ئەکسیۆس، گۆڕانکارییەکی گەورە لە رێڕەوی دیپلۆماسیی نێوان هەر دوو وڵات هاتووەتە ئاراوە. بەرپرسە ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ستیڤ ویتکۆف و جارد کوشنەر، نێردراوەکانی دۆناڵد ترەمپ، لە گفتوگۆی جددی و بەردەوامدان لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی بۆ راگرتنی شەڕ.

ئەکسیۆس ئاماژە بەوە کرد، وڵاتانی نێوەندگیر وەک تورکیا، میسر و پاکستان لە هەوڵی ئەوەدان لووتکەیەکی دیپلۆماسی لە ئیسلام ئاباد ساز بکەن، کە ئەگەری زۆرە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا بکات.

ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ مۆڵەتێکی 5 رۆژەی دیاری کرد و هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران راگرت، تاوەکوو دەرفەت بەم کەناڵە نهێنییانەی پەیوەندی بدرێت. چاوەڕوان دەکرێت ئەگەر ئەم کۆبوونەوەیەی پاکستان سەرکەوتوو بێت، بنەمایەک بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی گشتگیر و کشانەوەی ناوچەکە لە لێواری جەنگێکی وێرانکەر دابڕێژرێت

کەناڵی 12ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، ئەو سەرکردە باڵا و دەستڕۆیشتووەی ئێران کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بە ئەنجامدانی گفتوگۆی بنیاتنەر لەگەڵی دابوو، بریتییە لە محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئێستای پەرلەمانی ئێرانە.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە لەگەڵ "سەرکردەیەکی باڵای ئێرانی کە خاوەن رێزێکی زۆرە" قسەی کردووە سەبارەت بە رێککەوتنێکی 15 خاڵی بۆ راگرتنی شەڕ و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

شارەزایانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە محەممەد باقر قالیباف ئێستا بە یەکێک لە بەهێزترین کەسایەتییەکانی ناو کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنرێت. ئەو وەک پیاوە بەهێزەکەی تاران دەبینرێت کە رۆڵێکی تەوەری و سەرەکی دەگێڕێت لە بەڕێوەبردنی کاروباری سەربازی و سیاسیی وڵاتەکە لەم قۆناغە هەستیارەدا. دەستپێکردنی گفتوگۆی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی کەسایەتییەکی وەک قالیباف لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ، بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ستراتیژیی ئێران بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکە دادەنرێت.