سوپای پاسداران: هێرشمان کردە سەر بنکەیەکی ئەمریکا
سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، رایگەیاند؛ بنکەیەکی سەربازییان کردووەتە ئامانج کە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بۆ وەشاندنی گورز دژی ئێران بەکارهێنراوە.
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا تەلەفزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە، سوپای پاسداران ئاماژەی بە شوێن و هەڵکەوتەی ئەو بنکەیە نەکردووە کە کراوەتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە و کەمێک پێش بڵاوبوونەوەی بەیاننامەکەی سوپای پاسداران، سوپای کوەیت رایگەیاند، هێزەکانیان بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکی و چەند درۆنێکیان داوەتەوە کە ئاراستەی وڵاتەکەیان کرابوو.
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026، سوپای پاسداران رایگەیاند؛ بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج. ئەم هەنگاوەی ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ ئەو هێرشانەی کە سوپای ئەمریکا کردبوویە سەر ناوچەکانی باشووری ئێران.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سوپای پاسداران کە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، هێرشەکە لە کاتژمێر 4:50 خولەکی بەیانی کردووە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "لە وەڵامی ئەو دەستدرێژییەی کە سوپای داگیرکەری ئەمریکا بەیانی ئەمڕۆ کردیە سەر دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەندەر عەباس، هێزەکانمان ئەو بنکە ئاسمانییەی ئەمریکایان کردە ئامانج کە سەرچاوەی هێرشەکە بووە."