زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کوەیت لێدرا و سیستەمی بەرگریی کاراکرا
سوپای کوەیت ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی "بەرپەرچی هێرشی مووشەکی و درۆنی دوژمنکارانە داوەتەوە"، هاوکات زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری وڵاتدا لێدرا.
سوپای کوەیت لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردەوە: "سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتیی سوپا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو دەنگانەی دەبیسترێن، ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی هێرشە دوژمنکارییەکانە لەلایەن سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە."
رۆژی پێنجشەممە 28ی ئایاری 2026، سوپای کوەیت لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێستا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "دوژمنکارانە" دەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرچاوەی هێرشەکان دیار نییە و دەستنیشان نەکراوە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا کە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کوەیت (کۆنا) بڵاویکردووەتەوە، هاتووە "ئەو دەنگی تەقینەوانەی کە لە ناوچە جیاجیاکان دەبیسترێن، دەرەنجامی کارکردن و تێکشکاندنی ئامانجەکانە لەلایەن سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە."