ئەنجوومەنی سیاسیی سوننە بۆ گرووپە چەکدارەکان: هەڕەشەکانتان دژی کورد و سوننە تیرۆری ئاشکرایە
ئەنجوومەنی سیاسیی سوننە، کە نوێنەرایەتی هێزە سیاسییەکانی سوننە لە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق دەکات، وەڵامێکی توندی ئەو هەڕەشانەی دایەوە کە کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق ئاراستەی ئەفسەر و کارمەندانی کورد و سوننەی ناو جهازی هەواڵگری عێراقی کردبوو.
دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی سیاسیی سوننە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئەم هەڕەشانە روونترین جۆری تیرۆرن دژی دەوڵەت و دامەزراوەکانی هاوکات دووپاتکردنەوەیە لەسەر رێچکەیەکی مەترسیدار کە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بنەماکانی دەزگا ئەمنییە فەرمییەکان دەدات."
ئەنجوومەنی سیاسیی سوننە داوای لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، هەڵوێستێکی توندیان بەرامبەر بەم گروپە چەکدارە لەیاسا دەرچووانە هەبێت و رێکاری یاساییان بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەدژ بگیرێتەبەر، بەبێ هیچ جیاکارییەک.
هەروەها داوایان لە سەرۆکوەزیران کرد هەنگاوی خێرا بنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەت کە بووەتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و دامەزراوە دیپلۆماسی و فەرمییەکان لە بەغدا، پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور و هەرێمی کوردستان.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەنجومەنەکە نیگەرانە لە نەبوونی نوێنەرایەتی پێکهاتەی سوننە لە بەڕێوەبردنی دەزگا ئەمنییەکان و کۆبوونەوە سەربازییە باڵاکانی دەوڵەت کە لەم مانگەدا چەندین جار ئەنجام دراون، ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەم پەراوێزخستنەیان بە پێشێلکردنی بنەماکانی شەراکەتی نیشتمانی وەسف کرد کە لە دەستووردا چەسپێنراوە.
ئەم کاردانەوەیە دوای ئەوە دێت کە ئەبو موجاهید ئەلعەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، ئەفسەرە کورد و سوننەکانی ناو جهازی هەواڵگری عێراقی تۆمەتبار کردبوو بەوەی پەیوەندییان بە دەزگا هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە. هەروەها رایگەیاندبوو، هیچ حکوومەتێکی نوێ بەبێ "مۆری بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق" پێکنایەت و مۆڵەتی پێنج رۆژی دیکەشیان دابوو بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ ئەوەی کارمەندەکانیان بکشێننەوە پێش ئەوەی حزبوڵڵا کاردانەوەی هەبێت.