ناتانیاهۆ: هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران بەردەوامە و تاوتوێی رێککەوتنیش دەکەین
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئاشکرای کرد کە گفتوگۆی چڕیان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دەستپێکردووە بۆ ئەوەی دەستکەوتە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بگۆڕن بۆ ڕێککەوتنێکی سیاسیی گشتگیر و جەختی کردەوە کە سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان، هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران و حزبوڵڵا بەردەوامە و توانیویانە دوو زانای دیکەی ئەتۆمیی ئێرانی لەناوبەرن.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 23ی ئاداری 2026، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی گرنگی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامداوە. ناتانیاهۆ گوتی: ترەمپ بڕوای وایە کە دەرفەتێکی گەورە لە ئارادایە بۆ ئەوەی ئەو سەرکەوتنە مێژووییانەی سوپای ئیسرائیل و سوپای ئەمریکا بەدەستیان هێناوە، لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی سیاسیی بەهێزدا جێگیر بکرێن، بە جۆرێک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی ئیسرائیل بپارێزرێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، کە هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵە سیاسییانە، ئیسرائیل لە هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران و لوبنان بەردەوامە. جەختی کردەوە کە سەرنجی سەرەکییان لەسەر تێکشکاندنی تەواوەتیی بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
ناتانیاهۆ گوتی: "ئێمە بەردەوامین لە پەکخستنی ژێرخانی سەربازیی ئێران و لە چەند رۆژی رابردوودا دوو زانای دیکەی بواری ئەتۆمیمان لەناوبردووە، پڕۆسەی راوکردنی سەرکردە و زاناکانیشیان بەردەوام دەبێت."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، ناتانیاهۆ باسی لە بەرەی باکوور و شەڕی دژ بە حزبوڵڵا کرد و رایگەیاند، کە هێزەکانیان گورزی کوشندەیان لە حزبوڵڵا وەشاندووە و رێگە نادەن هیچ هەڕەشەیەک لە سنوورەکانیانەوە بمێنێتەوە. گوتیشی: "ئێمە لە هەر بارودۆخێکدا بین، چ لە کاتی شەڕ یان لە کاتی رێککەوتندا، تەنیا یەک ئامانجمان هەیە، ئەویش پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلە و لەم پێناوەشدا لە هیچ هەنگاوێکی توند سڵ ناکەینەوە.
ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ مۆڵەتێکی پێنج رۆژەی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان دیاری کردووە تاوەکوو بزانرێت تاران تا چەند ئامادەی جێبەجێکردنی مەرجەکانی واشنتن و تەلئەڤیڤە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.