ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو مەرجی بۆ رێککەوتنی جەنگی ئێران هەیە
ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو، رایگەیاند، هەر رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران پێویستە داواکارییەکانی وڵاتانی کەنداوی تێدا بێت، ئاماژەی بەوەش کرد، داخستنی گەرووی هورمز شۆکێکی گەورەی بۆ ئابووری جیهان دروست کردووە.
دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، جاسم ئەلبەدیوی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو، لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عەرەبییەکان گوتی: "ئەو هێرشانەی ئێران بە مووشەک و درۆن کردیە سەر وڵاتانی کەنداو، کاریگەرییەکانی بۆ هەموو جیهان درێژ بووەوە و بووە خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە، نەک تەنها بۆ ئاسایشی نەتەوەیی کەنداو، بەڵکو بۆ ئاسایش و سەقامگیری جیهانیش".
هەروەها گوتیشی: "داخستنی گەرووی هورمز کاریگەرییەکی گەورە و مەترسیداری بۆ ئابووری جیهان دروست کرد، ئێمە ئێستا خەریکی لێکۆڵینەوەین لەوەی ئەم کاریگەرییە ئابوورییەی جیهان بەرەو کوێ دەڕوات."
ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، جەختی کردەوە، هەر رێککەوتنێک لەگەڵ تاران بکرێت، دەبێت ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگرێت:
1- دەبێت رێککەوتنەکە گشتگیر بێت و هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە سیاسەتەکانی ئێران بگرێتەوە.
2- پێویستە وڵاتانی کەنداو رۆڵێکی سەرەکی و بنەڕەتییان هەبێت لە داڕشتنی رێککەوتنەکەدا.
3- نابێت تەنها سنووردار بێت بە بەرنامەی ئەتۆمی، بەڵکو دەبێت پرسی مووشەکی بالیستی، پشتگیریکردن لە گروپە جیاخوازەکان و سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشیش لەخۆ بگرێت.
ئەم لێدوانانەی ئەلبەدیوی دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاندبوو لە دوو رۆژی رابردوودا گفتوگۆی زۆر باش و بەرهەمدار لە نێوان واشنتن و تاراندا ئەنجام دراوە.